ئیمارات: لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتووین بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە
ئیمارات دەڵێت، لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتن بۆ رێگەدان بە گەیاندنی "هاوکاریی مرۆیی بەپەلە" بە کەرتی غەززە.

میدیای فەرمیی ئیمارات بڵاویکردەوە، شێخ عەبدوڵڵا بن زاید، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیمارات "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەنجام دا، کە بووەتە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ رێگەدان بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە لە ئیماراتەوە [بۆ غەززە]."
ئیسرائیل رووبەڕووی گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی بووەتەوە بۆ رێگەدان بە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ غەززە، کە ئاژانسە مرۆییەکان دەڵێن، گەمارۆدانی تەواوەتی غەززە کە لە 2ی ئادارەوە سەپێندراوە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی مەترسیداری خۆراک و دەرمان لە کەرتەکە. هەرچەندە ئیسرائیل رۆژی سێشەممە رایگەیاند، 93 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی لە ئیسرائیلەوە چوونەتە نێو غەززە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هاوکارییەکە رێگری لە گەیشتنی بە شوێنی مەبەست کراوە.
میدیای فەرمیی ئیمارات دەڵێت، "هاوکارییەکە لە قۆناخی سەرەتادا پێداویستییە خۆراکییەکانی نزیکەی 15 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە کەرتەکە دابین دەکات."
وەکو میدیای فەرمیی ئیمارات دەڵێت، دەستپێشخەرییەکە "پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی کارکردنی نانەواخانەکان و پێداویستییە گرنگەکان بۆ چاودێریکردنی منداڵانی تازەلەدایکبوو لە کەرتەکە دابین دابین دەکات." بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرەتای ئەم هەفتەیە رایگەیاند، "لەبەر هۆکاری دیپلۆماسی"، پێویستە ئیسرائیل رێگری لە برسێتی لە غەززە بکات.
ئیسرائیل لە 18ی ئادارەوە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئاگربەستێکی دوو مانگە لە شەڕەکە کە بەهۆی هێرشی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد.
هێرشەکە، بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی هەزار و 218 کەسی سڤیل و بەبارمتەگرتنی 251 کەس.
57 بارمتە لە کەرتی غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان گیانیان لەدەستداوە.
سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، قۆناخە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان لە غەززە دەستپێکردووە و هێرشەکان بەشێکن "لە فراوانکردنی شەڕ لە کەرتی غەززە، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی جەنگ، لەوانەش ئازادکردنی بارمتەکان و شکستپێهێنانی حەماس."
سەرچاوە: ڕووداو