عێراقچی: لە ئەمریکاوە پەیامی دژبەیەک دەبیستین

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا داواکاریی نالۆژیکی هەبێت، رووبەڕووی کێشە دەبینەوە"، بە پێچەوانەوە ئەگەری رێککەوتنی نێوان هەردوولا هەیە.

نیسان 24, 2025 - 12:18
عێراقچی: لە ئەمریکاوە پەیامی دژبەیەک دەبیستین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، لە هەواڵەکان و میدیادا لە ئەمریکاوە پەیامی دژبەیەک و جیاواز دەبیستین و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پەیامەکانی ئەمریکادا هەیە.

عێراقچی گوتی: "رۆژی شەممە بەجیدی دەچینە ناو دانوستاندنەکانەوە، ئەگەر لایەنی بەرامبەریش بەجدی بێتە ناو دانوستاندنەکانەوە، پێموایە دەرفەت بۆ پێشکەوتن هەیە." وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێمە ئێستا گەیشتوینەتە تێگەیشتنێکی باشتر لە رابردوو سەبارەت بە هەندێک لە بنەما، چەمک و ئامانجەکانی دانوستاندنەکان. ئەمەش دەتوانێت بەردەوام بێت."

 بە گوتەی عەباس عێراقچی، ئەگەر لایەنی ئەمریکی "داواکاریی نالۆژیکی"یان نەبێت، ئەگەری رێککەوتنی نێوان هەردوولا هەیە. عێراقچی لەوبارەوە دەڵێت: "ئەگەر خواستی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمە خواستێکە کە دەکرێت بەدیبێت و دەتوانین بەو خواستە بگەین. بەڵام ئەگەر داواکاریی نالۆژیکییان هەبێت، سرووشتییە کە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە ئەرێنی بوونی پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن دەکات و روونیدەکاتەوە: "بەردەوام دەبین لەسەر ئەم رەوتە ئەرێنییە. هەرگیز مێزی دانوستاندنمان بەجێنەهێشتووە و هێشتا لەسەر مێزی دانوستاندنداین. بێگومان سەبارەت بە فۆرم و جۆرەکەی هەندێک کێشە هەبوون کە لەبەرچاودەگیرێن و بەردەوام دەبین لە لەبەرچاوگرتنیان."

بە گوتەی عێراقچی، بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تائێستا هیچ ئاستەنگێکی لە دانوستاندنەکاندا دروست نەکردووە و سوپاسی وەزیری دەرەوەی عومان دەکات، کە دانوستاندنەکانی رێکخستووە و بە باشی پەیامەکانی هەردوولا دەگەیێنێت.

سەرچاوە: ڕووداو