کەشناسیی عێراق: خۆڵبارین تاوەکو شەوی هەینی بەردەوام دەبێت
دەستەی کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو شەوی هەینی خۆڵبارین لە هەندێک ناوچەی عێراق بەردەوام دەبێت و لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان، وێڕای خۆڵبارین ئەگەری نمەباران و هەورەبرووسکە هەیە.

رۆژی پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق هەورە، لە باشووری عێراق ساماڵە. لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان ئەگەری نمەباران و هەورەبرووسکە هەیە.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، ئەو بارستە هەوا مامناوەندە خێراییەکەی زیاد دەبێت کە بای باکوور و باکووری رۆژئاوای عێراقە، لە شەوی رابردوو دەستی پێکردووە و تاوەکو شەوی هەینی بەردەوام دەبێت، کاریگەری بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار دروستکردووە، بۆ پارێزگاکانی کەرکووک و سەلاحەدین درێژ دەبێتەوە.
بە گوتەی عامر جابری، "سبەی هەینی باشووری رۆژئاوای عێراق و بەغدا و کەربەلا و بابل-یش دەگرێتەوە. چڕییەکەی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە."
عامر جابری دەشڵێت، بۆ ئەمشەو بای (باشووری رۆژهەڵات) لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەڵدەکات، خێراییەکەی 20-30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بای (باکوور و باکووری رۆژئاوا) لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق چالاکە، ئەوەش خۆڵبارینی لێدەکەوێتەوە بەتایبەتی لە نەینەوا و ئەنبار.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، مەودای بینین بۆ 1-2 کیلۆمەتر دادەبەزێت، لە هەندێک کات خێرایی با لە کاژێرێکدا دەگاتە 50 کیلۆمەتر. کەشناسیی عێراق داوا لە شۆفێران دەکات لە رێگەی دەرەوە ئاگاداری خۆیان بن، مەودای بینین زۆر کەم دەبێتەوە. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات راستەوخۆ بەڕووی خۆڵبارین نەکەون، تایبەتی ئەوانەی کێشەی هەناسەتەنگیان هەیە. پێویستە ماسک ببەستن.
سەرچاوە: ڕووداو