ریال مەدرید چاوی لە هاوڕێیەکی لامین یامالە

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا هەواڵێکی چاوەڕواننەکراویان لەبارە یانەی ریال مەدریدەوە بڵاوکردەوە، کە گوایە یانەکە کار بۆ گواستنەوەی هاوڕێیەکی لامین یامال، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا دەکات.

ئارەی 21, 2025 - 10:54
ریال مەدرید چاوی لە هاوڕێیەکی لامین یامالە

ریال مەدرید بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکاندا و وەرزی داهاتوو، ئامادەکارییەکی باش دەکات و دەیەوێت گۆڕانکاری گەورە لە تیپەکەیدا بکات، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "یەکێک لەو یاریزانانەی ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی دەکاتەوە، نیکۆ ویلیامز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباوە."

سەرچاوەکە دەڵێت "ناوی ویلیامز بەتەواوی بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە و کارگێڕیی یانەکە هەڵسەنگاندنێکی تەواو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکەن، لەکاتێکدا گواستنەوەی ئەو یاریزانە دوورنییە لەوەی رووبدات، بەتایبەت کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە 58 ملیۆن یۆرۆیە."

مارکا دەڵێت "ریال مەدرید پێیخۆشە ویلیامز بگوازێتەوە، بەوپێیەی یاریزانەکە گەنجە و توانایەکی زۆری هەیە، جگە لەوەش لە میدیادا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و کەسایەتییەکی بازاڕسازیی بەهێزی هەیە و دەتوانێت شوێنی خۆی بکاتەوە."

ریال مەدرید لەکاتێکدا بیر لە گواستنەوەی ئەم یاریزانە دەکاتەوە، هاوینی رابردوو نیکۆ یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی یانەی بارسێلۆنا بوو و هاوڕێیەکی نزیکی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی ئەو یانەیەیە، بەڵام بارسێلۆنا لە گواستنەوەیدا سەرکەوتوو نەبوو.

خوان لاپۆرتا، لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی ئەو یاریزانەوە گوتی "هاوینی رابردوو نیکۆ بژاردەی ئێمە بوو، بەڵام پێموایە ئێستا بژاردەی دیکەمان هەیە."

 یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کە وادەکات ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بکاتەوە، ئەگەری رۆیشتنی رۆدریگۆی بەرازیلییە لە یانەکە، کە ئەگەر ئەوە رووبدات، یانەی شاهانە پێویستیی بە یاریزانێک دەبێت بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو یاریزانە.

سەرچاوە: ڕووداو