5 بەربژێری سەرەکی سوپەر باڵۆندۆر

پێشبینی دەکرێت ململانێی سەدە لە نێوان لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی بێت، کە بریتییە لە یەکلاکردنەوەی خەڵاتی سوپەر باڵۆندۆر، ئەگەرچی بەگوێرەی چاودێران 5 ئەفسانە بەهێزترین کاندیدن بۆ خەڵاتەکە،

تشرینی یەکەمی 15, 2025 - 14:23
5 بەربژێری سەرەکی سوپەر باڵۆندۆر
گۆڤاری فرانس فووتبۆڵی فەرەنسی، خاوەن و پێشکێشکاری باڵۆندۆر، ئامادەکاری دەکات بۆ بەخشینی دووەم وەشانی سوپەر باڵۆندۆر لە مێژووی خۆیدا. میدیاکان رایانگەیاندووە کە ساڵی 2029 وەک کاتی بەڕێوەچوونی ئەم خەڵاتە تایبەتە دیاریکراوە.
 
گۆڤارە فەرەنسییەکە یەکەمجار لە ساڵی 1989 ئەم خەڵاتەی بەخشی، کە ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ، ئەفسانەی ریال مەدرید، بەبۆنەی تێپەڕبوونی زیاتر لە 40 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی خەڵاتەکەدا، بەدەستیهێنا.
 
پێشبینی دەکرێت خەڵاتی سوپەر باڵۆندۆر ساڵی 2029 هاوکات بێت لەگەڵ تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر یەکەم وەشانیدا، و  دەدرێت بەو یاریزانانەی کە لە چوار دەیەی رابردوودا درەوشاونەتەوە.
 
هەروەها بردنەوەی باڵۆندۆر لە رابردوودا یەکێک دەبێت لە پێوەرە سەرەکییەکانی کاندیدبوون بۆ ئەم خەڵاتە سوپەرە.
 
لێرەدا دیارترین کاندیدەکانی تۆپی زێڕینی سوپەر لە ساڵی 2029 دەخەینەڕوو:-
 
لیۆنێل مێسی (ئەرجەنتین)
 
مێسی بە دیارترین کاندید دادەنرێت بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە؛ چونکە 8 جار باڵۆندۆری بەدەستهێناوە، 5 جار پلەی دووەمی بەدەست هێناوە، و یەک جاریش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، و بە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژوو دادەنرێت.
 
سەرەڕای گەیشتنی بە تەمەنی 38 ساڵی، لیۆنێل مێسی هێشتا وەک کاپتنی ئینتەرمەیامی ئەمریکی بەردەوامە لە یاریی تۆپی پێ بە گرێبەستێک کە تاوەکو ساڵی 2028 بەردەوامە. لە ئەگەری وازهێنانی پێش کاتی خەڵاتەکە، لەوانەیە ئەمە وەک رێزلێنانێک بێت بۆ کۆتاییهاتنی ژیانی وەرزشییە ئەفسانەییەکەی.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ (پۆرتوگال)
 
رکابەریی مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی ئێستای نەسڕی سعودییە، کە تەمەنی 40 ساڵە.
 
رۆناڵدۆ 5 باڵۆندۆری بەدەستهێناوە، 6 جار پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، و یەک جاریش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە. ناوی هێشتا بەهێزەوە ئامادەیە سەرەڕای رەخنە بەردەوامەکانی لە خەڵاتەکە.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی کاروانی وەرزشی لەساڵی 2027، وەک یەکێک لە کاندیدە دیارەکان بۆ بەدەستهێنانی سوپەر باڵۆندۆر دەمێنێتەوە.
 
رۆناڵدۆی دیاردە (بەرازیل)
 
یەکێکە لە دیارترین هێرشبەرەکانی مێژووی تۆپی پێ، و هێشتا لە گۆڕەپانی وەرزشیدا ئامادەیە بە خاوەندارێتی یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانی.
 
دووجار باڵۆندۆری بەدەستهێناوە، یەکجار پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و یەک جاریش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، هەروەها دووجار جامی جیهانی بەدەستهێناوە و یەکجاریش لە یاریی کۆتاییدا دۆڕاوە. بە یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکانی خەڵاتەکە دادەنرێت.
 
زینەدین زیدان (فەرەنسا)
 
ئەفسانەی فەرەنسا و راهێنەرە ناسراوەکەی ریال مەدرید، و یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی نەوەدەکان و سەرەتای هەزارە.
یەکجار باڵۆندۆری بەدەستهێناوە، یەکجار پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و یەکجاریش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، و سەرکردایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسای کردووە بۆ بردنەوەی مۆندیالی 1998.
 
ئامادەیی مێژووییەکەی وای لێدەکات لە بازنەی بچووکی کاندیدەکاندا بێت.
 
لوکا مۆدریچ (کرواتیا)
 
سەرەڕای ئەوەی لەچاو چوار یاریزانەکەی پێشوو، لوکا مۆدریچ خاوەنی مێژوویەکی کەمترە، بەڵام کاریگەری مۆدریچ لەسەر تۆپی پێ و لەسەر مێژووی هەڵبژاردەی کرواتیا وایلێکردووە ببێتە رکابەرێکی راستەقینە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
 
لە ساڵی 2018 باڵۆندۆری بەدەستهێنا و کۆتایی بە قۆرخکاری مێسی و رۆناڵدۆ بۆ ماوەی 10 ساڵ هێنا، و بە یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی نەوەی خۆی دادەنرێت سەرەڕای گەیشتنی بە تەمەنی 40 ساڵی.
سەرچاوە:رووداو