ئەمریکا بەنیازە هاوکارییەکانی بۆ هەسەدە کەم و بۆ پێشمەرگە زیاد بکات

پڕۆژە بودجەی حکومەتی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026 لە کۆنگرێسی وڵاتەکەیە. وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پێشنیازی کردووە، بۆ ساڵی نوێ 130 ملیۆن دۆلار بدەنە هەسەدە کە نزیکەی 17 ملیۆن دۆلاری لە ساڵی 2025 کەمترە.

ايلول 15, 2025 - 10:05
ئەمریکا بەنیازە هاوکارییەکانی بۆ هەسەدە کەم و بۆ پێشمەرگە زیاد بکات
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵەوە، کۆشکی سپی پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە، ئەمە بە پشتبەستن بە پڕۆژەی بودجەی تەواوی ئاژانس و وەزارەتەکانی وڵاتەکەی. بە گوێرەی پڕۆژەکە، بودجەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 961 ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2025دا 849 ملیار دۆلار بوو. 
 
بە گوێرەی پڕۆژەکەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، لە ساڵی 2026دا 130 ملیۆن دۆلار بە هەسەدە دەدرێت، ئەمە 11.5٪ی لە ساڵی 2025 کەمترە. لەو بڕەی کە ئەمریکا بە نیازە لە ساڵی 2026دا بە هەسەدەی بدات، 65 ملیۆنی بۆ مووچەیە، 15.6 ملیۆنی بۆ راهێنان و چەکە، 32.4 ملیۆنی بۆ پاڵپشتی لۆجستی و 1.5 ملیۆنیشی بۆ چاککردنەوە و خزمەتگوزارییە. 
 
لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمریکادا، 61 ملیۆن و 14 هەزار دۆلار بۆ پێشمەرگە دیاریکراوە کە 4.7 ملیۆن دۆلاری لە ساڵی 2025 زیاترە. پارەکە 11.8 ملیۆنی بۆ چەک، 5.3 ملیۆنی بۆ تەقەمەنی، 27.5 ملیۆنی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی سەربازی و 17.1 ملیۆنیش بۆ کڕینی جلو بەرگ و کەلوپەلی دیکە دەبێت. 
 
لە پڕۆژەکەی ئەمریکادا، 48.4 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق دیاریکراوە، ئەمە 141 ملیۆن دۆلاری لە ساڵی 2025 کەمترە. هەروەها، ئەمریکا 65.6 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی دژە تیرۆری عێراقی دیاریکردووە کە 56 ملیۆنی لە 2025 زیاترە. 
 
ساڵانە مانگی شوبات ئاژانس و وەزارەتەکانی ئەمریکا پڕۆژەبودجەی خۆیان بۆ ساڵی داهاتوو دەدەنە کۆشکی سپی. ئەویش تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار بە پڕۆژەیەک بۆ کۆنگرێسی دەنێرێت. کۆنگرێسیش تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم بڕیار لەبارەی پەسەندکردن و گۆڕانکارییە پێویستییەکانیەوە دەدات.
سەرچاوە: ڕووداو