پۆلیسی سوێد بۆ رووداو: لە پارەوە 742 هاووڵاتیی عێراقیمان دیپۆرتکردوونەتەوە

پۆلیسی پاراستنی سنووری سوێد رایگەیاند، لە پارەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەسیان دیپۆرتکردوونەتەوە، کە 8 هەزار و 938یان بەزۆر بووە. دەشڵێت، لەم دوو ساڵەدا 742 هاووڵاتیی عێراق و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانیان دیپۆرتکردوونەتەوە.

تشرینی یەکەمی 20, 2025 - 11:25
پۆلیسی سوێد بۆ رووداو: لە پارەوە 742 هاووڵاتیی عێراقیمان دیپۆرتکردوونەتەوە
پۆلیسی پاراستنی سنووری سوێد بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە دەستپێکی 2024ەوە تاوەکو ئێستا، بە کۆی گشتی 11 هەزار و 660 کەسیان دیپۆرتکردوونەتەوە، کە پێنج هەزار و 463 کەسیان لەم ساڵدا بووە. دەشڵێت، ئەوانەی لەو ماوەیەدا دیپۆرتکراونەتەوە 8 هەزار و 938 کەسیان بە زۆر و ئەوانەی دیکەش بە خواستی خۆیان دیپۆرتکراونەتەوە. 
 
پۆلیسی سنووری سوێد دەشڵێت، پار دیپۆرتکرانەوە 394یان بەهۆی تاوانەوە بووە. هەروەها، دوو هەزار و 740 کەسیشیان لەلایەن ئاژانسی کۆچبەری سوێدەوە داوای دیپۆرتکردنەوەیان پێشکێشکرابوو. ئەم ساڵ 389 کەس بەهۆی تاوانەوە دیپۆرتکراونەتەوە لەکاتێکدا دوو هەزار و 112 کەسیان کەیسی دیپۆرتکردنەوەیان لەلایەن ئاژانسەکەوە پێشکێشکرابوو. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی پۆلیسی پاراستنی سنووری سوێد بۆ رووداوی ناردوون، پار 399 هاووڵاتیی عێراقی و ئەمساڵیش 343 عێراقییان دیپۆرتکردوونەتەوە. هەروەها، 15 لەو کەسانەی پار دیپۆرتکرانەوە بەهۆی کەیسی تاوانەوە بووە، ئەم ساڵ ژمارەکە بووەتە 19 کەس. پار، ئاژانسی کۆچی سوێد پار داوای دیپۆرتکردنەوەی 319 هاووڵاتیی عێراقی کردبوو، ئەم ساڵ ژمارەکە بووەتە 254 کەس. 
 
لە ئامارەکاندا ئەوەش هاتووە، لەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لەم دوو ساڵەدا دیپۆرتکراونەتەوە 317یان بە خواستی خۆیان رۆشتوون و ئەوانەی دیکەش بە زۆر بووە. 
 
سوێد یەکێکە لەو وڵاتانەی سیاسەتێکی تووند بەرامبەر کۆچبەران پەیڕەو دەکات و هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی زۆرترینیان دەدات، ئەمە لە کاتێکدا هێشتا کۆچبەران بە لێشاو روو لەو وڵاتە دەکەن. بە گوێرەی حکومەتی سوێد، پار نۆ هەزار و 645 کۆچبەر چوونە وڵاتەکەیان کە 976یان خەڵکی سووریا، 839یان خەڵکی ئەفغانستان و 538ی دیکەشیان خەڵکی عێراق بوون.