نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوودانی لە سلێمانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سلێمانی کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سوودانی دوو راگەیێندراویان لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.

نیسان 16, 2025 - 16:57
نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوودانی لە سلێمانی

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی دیداری سلێمانی بوو. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی سياسى عێراق و دۆسیە هاوبەشەكان تاوتوێ كران و "جەخت لەسەر بەردەواميی هەماهەنگی و هاوكاريی هه‌ولێر ـ به‌غدا" کرایەوە.

باسی لەوەش کردووە، جەخت لە بەهێزکردنی "هاوكاريی نێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی ئارامى و سەقامگیرى كرايه‌وه‌، بەشێوەیەك كە خزمەتی يه‌كڕيزيى نيشتمانى و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بكات و هاوكار بێت بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی گەشەپێدان لە سەرتاسەری عێراق". نێچیرڤان بارزانی "داكۆكى له‌ گرنگيی مسۆگه‌ر‌كردنى ماف و شایستە دەستووریيەكانی هەرێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پابەنديی هه‌رێمى كوردستانى بۆ بەهێزكردنی هاوكاريی بنیاتنەر لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو پرسه‌كان دووپات كرده‌وه‌، بە جۆرێك كە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزكردنی لێكگەییشتن و هاوبەشی له‌نێوان هه‌ردوولادا و هاوسەنگی و سەقامگیريی وڵات بپارێزێت".

 نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، باسیان لە "دۆخی سیاسی وڵات و دۆسیە هاوبەشەکان کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە یەکڕیزیی نیشتمانی بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات".

نێچیرڤان بارزانی و سوودانی "جەختیان لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان و بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان کردەوە، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە سەرتاسەری عێراقدا".

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەرەسەندنەکانی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق تاوتوێ کران: "لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان و پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییەکان کە رێگای چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگ دەگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەرێمییەکان".

سەرچاوە: ڕووداو