ئەو خانەنشینانەی پێشمەرگە ئەم ساڵ مووچەیان وەرنەگرتووە، سبەی دەتوانن مووچەیەک وەربگرن

هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێنجشەممە مووچەیەکی ئەو خانەنشینانەی پێشمەرگە دابەش دەکرێ ئەم ساڵ مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکیان مووچەکەیان وەرنەگرتووە. بەڕێوەبەری بانکێک دەڵێت: "سبەی دەرگای بانکەکان کراوەیە و مووچە دابەش دەکەن".

تشرینی یەکەمی 8, 2025 - 14:29
ئەو خانەنشینانەی پێشمەرگە ئەم ساڵ مووچەیان وەرنەگرتووە، سبەی دەتوانن مووچەیەک وەربگرن
05ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "06ـی ئەم مانگە مووچەی مانگێکی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت کە لەدوای 01-01-2025ـەوە خانەنشین بوون و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە".
 
06ـی ئەم مانگە، بەشێکی ئەو خانەنشینانەی پێشمەرگە بڕیاری خەرجکردنی مووچەکەیان درا مووچەیەکیان وەرگرت، بەڵام بەشێکیان مانەوە و هەینی و شەممەی بەسەردا هات.
 
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 4 هەزار و 700 پێشمەرگەی خانەنشین ئەم ساڵ هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتبوو. بەشێکیان پێنجشەممەی رابردوو مووچەیەکیان وەرگرت".
 
لەبارەی ئەوانەی پێنجشەممە مووچەیان وەرنەگرتووە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە گوتی: "پارە ئامادەیە و دەتوانن لە سبەیەوە وەریبگرن، ئەگەر بانکەکان کراوەبن، چونکە دەنگدانی تایبەت هەیە سبەی".
 
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی بانکەکان کراوە دەبن و پارەش بۆ ئەو خانەنشینانە بەردەستە کە بڕیاری لەسەر دراوە و ئەوانەی وەریان نەگرتووە دەتوانن وەریبگرن".
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوانەی بڕیاری خەرجکردنی مووچەیان دراوە ئەو خانەنشینان تاوەکو ئەمڕۆ مامەڵەکانیان تەواو نەکراوە و بەغدا مووچەی بۆ نەناردوون".