دەرفەتی سەدە

فارس نەورۆڵی
بەشێک لە قۆستنەوەی دەرفەت، کە تێگەشتنت هەبێت لە روداوە مێژووییەکان هەتا ئەو ڕادەی کاریگەری لەسەر داڕشتنەوەی عەقڵ و ویژدان و ئەخلاقی ئەو نەتەوەیە، چونکە ئەگەر نەتەوەیەک نەیتوانی سوننەتی پێداچونەوەو ڕەخنە لە خۆگرتن بۆ دروستکردن بهێنێتە بەرهەم، ئەوا ئەو نەتەوەیە بەهەمان ڕێگەی شکستدا دەرواتەوە. ئێستا گەلی کوردستان لە هەلومەرجێکدایە لە دەرەوەی ماڵی کورد، وەک یاریچییەکی کاریگەر مامەڵەی لەتەک دەکرێ، واتە دەرەوەی ماڵی کورد ئامادەیە بۆ پشتگیری کردنی دۆزی کورد و پێناسەکردنەوەیەکی نوێی سیاسی و ئابوری بۆ کورد، ئەوەی یارمەتیدەر نیە ناوەوەی ماڵی کوردە بەتایبەتی ڕەفتاری ئەحزاب و ژاوەژاوی بەشێک لە دەستەبژێر، ئەگینا دەکرێ ئەم هەلومەرجە بۆ کورد بە دەرفەتی سەدە ناوی بهێنین، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە دەبێت کورد تێگەیشتنێکی ڕەخنەگرانەی لەخۆی هەبێت و پەند لەو پەیمان و ڕێککەوتنە نهێنیانەی سەدەکانی ڕابردوو وەربگرێت، کە دۆزی کوردی تێدا دیزە بەدەرخۆنە کراوە. ئەوەی ئاشکرایە لامان یەکێک لەو ڕێککەوتنانەی بۆماوەی سەدساڵ کارەساتی بۆ کورد دروستکرد ڕێککەوتنی ( سایکس - پیکۆ ) بوو، کە ئامانج لێی دابەشکردنی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و جوگرافی بوو، لەسەر خاکێکی فراوانی بەپیتی دەوڵەتی عوسمانی بوو، لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا، لەو بێنەوبەرەی هەردوو دەوڵەتدا زیاتر بۆ دەسکەوتوو پشکی گەورەتر بوو بۆ خۆیان لە جوگرافیای سیاسی، دوای کۆتای جەنگی یەکەم دواتر بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەو دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی پێکهاتە نەتەوەییەکانی ناو قەڵەمڕەوی عوسمانی بوو، کە لەتەک بەرژەوەندیەکانی هەریەک لە بەریتانیاو فەرەنسادا بێتەوە، مێژووش پێمان دەڵێ چارەنوسی کورد چی خۆشمان بەکردار بە رێکەوتین چی کارەساتێک بوو ئێستا دوای ١٠٠ساڵ زیاتر لە هەلومەرجێکداین، کە کۆتایی سایکس - پیکۆیە. بەهەمان شێواز بۆ فۆرمێکی دیکەو بە بوونی هێزی گەورەی جیاوازی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، ناوچەکە لەبەردەم داڕێژانەوەیەکی دیکەدایە. ئەگەر ئەو سەردەمە پێمان وابێت زلهێزەکان کوردیان کردبێتە قوربانی، ئەوا ئێستا لە ئاستێکی بەرچاو هێزە گەورەکانی جیهان پشتگیری لە دۆزی کورد دەکەن و بە پێداویستییەکی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەبینن، بۆیە پێویستە کوردو ئەحزابی کوردو دەسەڵاتدارانی کورد بە هەستیاری مامەڵە بکەن و باش مێژووی ئێستاش بخوێننەوە کورد نەکەنە قوربانی هیچ ئایدیاو بەرژەوەندیەک، بەڵکو هەموو شت بکەنە قوربانی ئەم قۆناغەی کورد، چونکە ئەم دەرفەتە بۆ کورد دەرفەتی سەدەیە، ئەگەر بەرپرسانە مامەڵەی لەتەک نەکەین دەگۆڕین بۆ شکستێکی دیکەی مێژوو بۆ سەدساڵی دیکە باجی دەدەین.