ئۆخەی خواستن بۆ مردن و کارەسات هاتن بەسەر کەسان !!

محەمەد خۆشناو
لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی لەمێژە کلتوورێکی نەخوازراو هەیە و دوای نەوەدەکان زیاتر چڕبۆتەوە ، ئەویش ئەوەیە کە خەڵکان هەن ئۆخەی بۆ مردنی کەسان دەخوازن ( الشماتە ) یان خۆشحاڵبوون بە تووشبوونی کارەسات یان هەستکردن بە بەختەوەری کاتێک ئەوانی تر ئازار دەکێشن ، بۆنموونە خۆشحاڵ دەبن کە دەبینن ملیۆنێری دوێنێ بۆتە سواڵکەری ئەوڕۆ ، یان خۆزگە دەخوازن بۆ مردنی سومبولی سیاسی نیشتیمان ، مردن هەرکەسێک بێت هەروەک دەڵێن شەیتان دەستی لێشوشتووە ، بەڵام ئەوە دەبینین کە هەندێک هەن خۆشحالن بە مردنی کەسان یان بەختەوەر دەبن بە تووشبوونی کارەسات بەسەر بەرانبەرەکەیان ، لەو ماوانەی ڕابردوو هەندێک لە ئیسلامیەکان خۆشحالی خۆیان بۆ مردنی پاپا فڕانسیس هیمای ئاشتی و پێکەوەژیان دەربڕی ، ئایا دەبێت گەلی کوردستان هەڵوێستی بەرز و ئازایانەی ئەو پاپایە لەیادبکات کە لەکاتێکی تەنگانەدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد ؟! کە ئەمە پێگەی هەرێمی کوردستانی لە جیهان و نێوەندەکانی ئایینی کریستیانی بەرز ڕاگرت ، کەچی بەداخەوە بینیمان لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردوو ، هەندێک لە ئاهەنگێڕانی پووچگەراکان لە « بیوت الدعارە »ی سۆشیالمیدیا دژی ئەو زاتە مەزنە خۆشحالی خۆیان بۆ مردنی دەربڕی ، نازانم ئێمە لەبەرچی ڕووداوی مەزنی ئەم سەردانەمان لەبیر دەچێت ، دێین موتابەعەی بیوت دەعارەی خۆشحالیبوون بە مردن دەکەین ، ئایا لەبیرمان چوو یان لەبیرخۆمانی دەبەینەوە کە ئەو پاپایە چەند ڕێز و تەقدیری بۆ ئەو نیشتیمانەی ئێمە هەبوو ؟! لەکن هەندێک کەس خۆشحالیبوون بە مردن یان کارەسات ، بۆتە هەڵوێستێکی ئایدۆلۆژی کە گوزارشتە لە نائومێدی و بێدەسەڵاتی بۆ ئەوانەی کە فەشەلیان هێناوە لە پڕۆژەکانیان و شکستیان هێناوە لە ئەدای کارەکانیان ، بۆیە هەمیشە چیان پێنەماوە تەنها جووینەوەی تاڵی نەبێت…جگە لەمانە هەندێک بوونەوەری نەهلستی « عدمی »یش هەن بەختەوەر دەبن بە مردنی هەر سومبولێک جا سیاسی بێت یان ئەدەبی یان هونەری و ، جاری واش هەیە دەیگەیننە ئیعلانی مردنی سومبولەکە بێ ئەوەی ئەمر لە خودا دەرچوبێت و چەندان جار گوێمان لێبووە فلان کەس مرد ، بێئەوەی کەسە مردبێت ، هەندێکی تری کۆنەپەرستانی ئایینی و تائیفی-یش هەن کە بانگەواز بۆ ڕق و کینە و ململانێ دەکەن ، ئەمانە کە عاشقی یەک ڕەنگ و یەک بیرن بەدرێژایی مێژوو هەن و هەر دەشمینێن و ، نازانن کە خودی سروشت و گەردوون لەسەر هەمەڕەنگی و فرەیی و جیاوازیبوون ڕاوەستاوە ! لەهەموو بارودۆخێکدا خەنیبوون بە مردن گەمژەیی تەواوی مرۆڤەکە ئاشکرادەکات ، هەندێک وایدەبینن کە ماڵئاواییبونی سومبولێک یان لابردنی بەمانای کۆتایی هاتنی هەموو شتە ، نەخێر ئەمە وانیە ، زۆر بە ساکاری ماڵئاواییکردنی پاپا مانای نەمانی خودی فاتیگان نیە و پاشەکشەی کاسۆلیکیش نیە ، ماڵئاوایبوونی سیاسەتمەدارێکی مەزن مانای ماڵئاواییکردنی هەموو ڕێباز و بەرنامە و هزری نیە ، مردنی ئەدیب مانای کەوتنی بیروهزری نیە ، هەندێک جار ماڵئاواییبونی سومبولێکی سیاسی یان ئایینی یان ئەدەبی وەک لەدایکبوونێکی نوێیە…بەگشتی بەختەوەریبوون بە مردن یان کارەسات گوزارشتە لە دابەزینی ئەخلاقی و گەمژەیی مرۆڤ و لاوازی ئیمان ، ئەمە نەخۆشیەکە لە نەخۆشیەکانی دەروون و ، لەهەموو دۆخێکدا ئەمانە شایەنی ئەوەن کە سەردانی عیادەی پزیشکە دەروونیەکان بکەن .
03/05/2025