گوتەبێژی حکومەتی ئێران: پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ هەڵگرتنی سزاکان دەکەین
گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژە بە دانوستاندنەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا دەکات و بە "ئەرێنی" ناویان دەبات، دەڵێت: "لەگەڵ بەردەوامیی دانوستاندنەکان، پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەکی کردەیی دەکەین بۆ هەڵگرتنی سزاکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی ئێران."

رۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، فاتمە مهاجرانی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆما رایگەیاند: "ئەم دانوستاندنانە لە چوارچێوەی کار و ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەدەچن و حکومەت سەرنجی خۆی لە رێڕەوی سەرەکیی بەڕێوەبردنی وڵات لانادات."
فاتمە مهاجرانی گوتی: "دانوستاندنەکان بە نێوەندگیریی عومان و لە کەشێکی بنیاتنەردا بەڕێوەچوون. ئامانجی دانوستاندنەکان، تاوتوێکردنی هەنگاوە کردەییەکانە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رەخساندنی کەشێک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لە ئاستی تەکنیکی لە داهاتوودا." گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەشڵێت، بە رێککەوتنی لایەنەکان، بەردەوامیی گفتوگۆکان لەسەر ئاستی پسپۆڕان لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت و دواتر هەردوو لایەن لە ئاستێکی باڵاتر لە شاری مەسقەت کۆدەبنەوە.
لەبارەی پێشبێنیی حکومەتی ئێران بۆ دانوستاندنەکان، فاتمە مهاجرانی گوتی: "بەگوێرەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەمان، تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان ئەرێنی بوون، بەڵام هەر وەک رێبەریش گوتی، ئێمە نە گەشبینین و نە رەشبینین بەرامبەر بەم دانوستاندنە."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی نەتەوەیی، پاراستنی شکۆی گەلی ئێران، ژیری و قازانج" مامەڵەی کردووە و دەڵێت: "لەگەڵ بەردەوامیی دانوستاندنەکان، پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەکی کردەیی دەکەین بۆ هەڵگرتنی سزاکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی ئێران." رۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەن.
گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
سەرچاوە: ڕووداو