سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: دوای چەکدانانی پەکەکە کار بۆ پێکهاتنی لیژنەیەک دەکرێت

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، هیوادارن پەکەکە پێش تەواوبوونی ئەم هاوینە (حوزەیران، تەممووز و ئاب) چەکەکانی دابنێت، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، دوای چەکدانانی ئەو حیزبە، کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەکرێت.

ئارەی 20, 2025 - 09:09
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: دوای چەکدانانی پەکەکە کار بۆ پێکهاتنی لیژنەیەک دەکرێت

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی دووشەممە، 19ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە پرۆسەی چارەسەریدا چاوی لە هیچ بەرژەوەندیێک نییە و دانوستاندنی بۆ نەکردووە و ناشیکات.

 کورتوڵموش لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە دەڵێت: ''هیوادارم لەماوەیەکی زۆر نزیکدا، بەر لە تەواوبوونی ئەم هاوینە (حوزەیران، تەممووز و ئاب) رێکخراوەکە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە چەک دابنێت''.

 سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی ئەگەری پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پرۆسەی چارەسەری گوتی: ''دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی بە ئاشکرا و بەبەرچاوی رای گشتییەوە خۆی هەڵوەشاندەوە و چەکەکانی دانا، پرۆسەی گفتوگۆی سیاسی دەستپێدەکات و کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان دەکرێت''.

 لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.

 شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە تاوەکو ئێستا پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە. ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەمساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.

رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

سەرچاوە: ڕووداو