باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بەرەوپێشچوون هەیە

سەرۆکی مەهەپە رەخنەی لە جەهەپە گرت بەهۆی ئەوەی داوای کردووە خەڵک دژی زیندانیکردنی سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بڕژێنە سەر شەقام. لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییش پێیوایە، بەرەوپێشچوون هەیە.

نیسان 8, 2025 - 17:21
باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بەرەوپێشچوون هەیە

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، نابێت کەس بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات. باخچەلی گوتیشی، "لە رۆژانێکی وەهادا کە هەنگاو و بەرەوپێشچوون بۆ ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەیە، دەبێت هەمووان ئاگاداری قسەکانیان بن. لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە بەدۆخێکی دژواردا تێدەپەڕن، چاوپۆشی لەوانە ناکرێت کە دەیانەوێت بەرەی نێوخۆ تێکبدەن."

 سەرۆکی مەهەپە رەخنەی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت بەوەی بانگەوازی کردووە، هاووڵاتییان بڕژێنە سەر شەقام و بایکۆتی کاڵا تورکییەکان بکەن.

 سەرۆکی جەهەپە رۆژی 24ی ئاداری 2025 وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەستگیرکردن و پاشان زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بانگەوازی بایکۆتی کۆمەڵێک کاڵا و مارکەی تورکی کرد. عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، "بانگەوازەکان بۆ بایکۆت هەوڵێکن بۆ تێکدانی ئابووری. ئەوانەی زیانی داراییان لە بازرگانییەکەیاندا هەیە، رەنگە داوای قەرەبووکردنەوەی یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکەن کە داوای بایکۆت دەکەن."

سەرۆکی مەهەپە لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا گوتی، "با هیچ کەسێک خەیاڵی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکات. ویستی هاوبەشی هاوپەیمانیی جمهوور لەگەڵ ئەوەدایە، هەڵبژاردنی لە کاتی ئاسایی خۆیدا بکرێت." ئەو گوتەیەی باخچەلی لەکاتێکدایە، جەهەپە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، بەڵام بەگوێرەی رۆژمێری تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک لەو وڵاتە ناکرێت.

باخچەلی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا گوتی، "ویستی زۆرمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەت ساڵەی تورکیا هەیە. کات، کاتی خزمەت، چاکسازی، جێبەجێکردن و یەکدی لەباوەشگرتنە. کات، کاتی چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە."

سەرچاوە: ڕووداو