رۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش بە رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".
سەرچاوەیەکی دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کارەکانی لیژنە پێکهێندراوەکان تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچە بەردەوام بن، بەڵام ئەو بابەتە گرێ نەدرا بە ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانەوە.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەک مەرجی دانا بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران کە رادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، وەک ئەوەی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران بڕیاری لەسەر دراوە.
ئەم ئێوارەیە سەرچاوەکەی رووداو لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی: "سبەی دەست بە رێکارەکانی ناردنی 120 ملیار دینارەکە دەکەین. رێکارەکان بریتییە لە کۆکردنەوەی پارەکە و دواتر گواستنەوەیەتی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، هەر کاتێك نووسراوەی خەرجکردنی پارەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردرا، ئەوانیش 120 ملیار دینارەکە دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتیی دارایی عێراق.