بەرخۆدانی سوقرات و بەرخۆدانی کورد
بەرخۆدانی سوقرات و بەرخۆدانی کورد
بەرخۆدانی سوقرات و بەرخۆدانی گەلی کورد، هەرچەندە لە کات و شوێنی جیاوازدا سەریان هەڵداوە، بەڵام لە ڕووی مەبەست بنەڕەتی، شێواز و ئامانجەکانیانەوە هەندێک هاوشێوەیی گرنگیان هەیە. ئەم هاوشێوەیییانە لەسەر بنەمای لێپێچینەوە لە دەسەڵات، پاراستنی پرەنسیپە ئەخلاقییەکان و ڕوانین بۆ ئامانجێکی گەورەتر دامەزراون.
دەکرێت لە چوار خاڵدا باسی ئەم لێکچوونانە بکەین:
1- لێپێچینەوە و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات:
بەرخۆدانی سوقرات؛ سیاسەتی بنەڕەتیی سوقراتی، لێپێچینەوە بوو لەسەر زانین و بەها ھەنوكەیییەکان. ئەو بە شێوازی گاڵتەجاڕانە و پرسیارکردنەکانی، دەسەڵاتدارانی ئەسینا و نەریت و بۆچوونە کۆمەڵایەتییەکانی دەخستە ژێر پرسیارەوە. ئامانجی ئەو ڕووخاندنی دەوڵەت نەبوو، بەڵکو هێنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و ئەخلاقیتر بوو. سوقرات هەمیشە جەختی دەکردەوە و دەیگوت: "ژیانێکی هەڵنەسەنگێنراو شایەنی ژیان نییە".
بەرخۆدانی کورد؛ گەلی کوردیش بە درێژایی مێژوو لەبەرامبەر فشار و سیاسەتەکانی تواندنەوەدا لە چەندین دەوڵەتی سەردەستدا، بوونی خۆی، کولتووری خۆی و زمانی خۆی پاراستووە. ئەم بەرخۆدانە تەنها بە چەک نەبووە، بەڵکو هاوکات لە ڕێگەی زمان، وێژە، هونەر، تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە خۆی نیشان داوە. کورد هەمیشە لەبەرامبەر سیستەم و پەرگالێک کە نکۆڵی لە ناسنامەیان دەکات، لێپێچینەوەیان کردووە و بەدوای مافەکانیاندا گەڕاون و لەبەرامبەر گوشارەکانی دەسەڵاتدا خۆیان ڕاگرتووە.
2- باڵادەستی ویژدان و ئەخلاق:
بەرخۆدانی سوقرات؛ سوقرات، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی کە درانە پاڵی (وەک خراپکردنی گەنجان و نکۆڵیکردن لە خوداوەندەکان)، بەپێی ویژدانی خۆی هەڵسوکەوتی کرد و لە بیروباوەڕەکانی پاشگەز نەبووەوە. ئەو دەیتوانی ڕابکات یان سازش بکات، بەڵام مردنی هەڵبژارد بۆ ئەوەی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی خۆی بپارێزێت. بۆ ئەو، گرنگترین شت ژیان نا، بەڵکو ژیانێکی ئابڕوومەندانە بوو.
بەرخۆدانی کورد؛ بەرخۆدانی کوردیش بە شێوەیەکی زۆر لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقی و سیاسی بنیاد نراوە. تێکۆشان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری، تەنها بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی نییە، بەڵکو هاوکات بۆ بەها مرۆییەکانی جیهانیشە. لەم بەرخۆدانەدا، هەموو سەرکردە و ڕابەرەکانی کورد لە مێژووی نزیکدا سەریان دانەنەواند؛ بەڵکو گیانیان بەخت کرد و ژیانێکی ئابڕوومەندانەیان هەڵبژارد. نموونەکانی وەک لە مێژووی نزیکدا هەبوون: شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزا، قازی محەمەد و لەیلا قاسم و هتد... ئەم نزیکبوونەوەیە، پەیوەندییە قووڵەکەی لەگەڵ ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و ویژدانیش نیشان دەدات.
3- ناڕەزایەتی مەدەنی و بەرخۆدانی پاسیڤ(نا کارا):
بەرخۆدانی سوقرات؛ هەڵوێستی سوقرات وەک یەکەمین نموونەی ناڕەزایەتی و یاخیبوونی مەدەنی سەیر دەکرێت. ئەو یاسا و ڕێسا ناڕەواکانی-کە بەسەریدا سەپێنرابوون- ڕەتکردەوە، بەڵام هاوکات ئەو سزایەشی کە پێی درا قبووڵی کرد، بۆ ئەوەی ڕێزگرتنی خۆی بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتی نیشان بدات. ئەم هەڵوێستە، ڕەخنەگرتن بوو لە سیستەمەکە بە ڕێگای ئاشتیانە و بێ توندوتیژی.
بەرخۆدانی کورد؛ سەرەڕای ئەوەی بەرخۆدانی کورد هەندێک جار بە شەڕی چەکدارییش دەناسرێتەوە، بەڵام هاوکات خاوەنی نەریتێکی بەهێزی بەرخۆدانی مەدەنی و پاسیڤە. نموونەکانی وەک مانگرتن لە خواردن، خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، ڕاپەڕینە گەلێرییەکان و پاراستنی زمانی دایک، لەبەرامبەر قەدەغەکردنەکان، شێوازە جیاوازەکانی ناڕەزایەتی و یاخیبوونی مەدەنین. ئامانج ئەوەیە کە نادادپەروەری و نادادی ئاشکرا بکرێن و بە ڕێگای دیموکراتی، بگۆڕدرێن.
4- فیداکاری بۆ دۆز یان ئامانجی گەورەتر:
بەرخۆدانی سوقرات؛ سوقرات بە مردنی خۆی بووە سیمبۆلی پاراستنی فەلسەفە و ڕاستی. خۆی فیدا کرد بۆ ئەوەی بیروباوەڕەکانی بژین و ببنە نموونە بۆ نەوەکانی داهاتوو. مردنی ئەو، لە ڕاستیدا، گەورەترین سەرکەوتنی بوو کە دەسەڵاتی نادادپەروەرانەی لەبەردەم مێژوودا مەحکوم کرد.
بەرخۆدانی کورد؛ لە تێکۆشانی گەلی کوردیشدا فیداکاری و قوربانیدان خاوەنی پێگەیەکی بەرز و ناوەندییە. بە هەزاران کەس بۆ ئازادیی گەلەکەیان و پاراستنی خاکەکەیان ژیانیان لەدەست داوە. ئەم فیداکارییە نەک تەنها وەک کارەساتێک، بەڵکو وەک سیمبولی ئیرادە و ویستی ئازادیش سەیر دەکرێن کە هێز بە نەوە نوێیەکان دەدەن
لە ئەنجامدا هەرچەندە بارودۆخی مێژوویی جیاواز بن، بەڵام لە نێوان بەرخۆدانی سوقرات و هی گەلی کورددا هێڵێکی فەلسەفیی هاوبەش هەیە. هەردووکیان لەسەر بنەمای لێپێچینەوە لەبەرامبەر نادادی، پابەندبوون بە پرەنسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکان، بەکارهێنانی ڕێبازی بەرخۆدانی جیاواز و فیداکاری بۆ دۆزێک کە لە ژیانی تاکەکەسی گەورەترە، دامەزراون. سوقرات بۆ پاراستنی ڕاستی گیانی خۆی بەخت کرد، گەلی کوردیش بۆ پاراستنی بوون و شەرەفی خۆی سەدان ساڵە بەرگری دەکات. ئەم دوو نموونەیە نیشانی دەدەن کە بەرخۆدان لەبەرامبەر ستەم و زۆرداری، لە بنەڕەتدا چالاکییەکی فەلسەفی و ئەخلاقییە.
بە کورتی و بە کوردییش بیڵێم؛
سوقرات دەڵێت: "وادەی چوون هات و ئێمە دەچینە ڕێگاکانی خۆمان – من دەمرم و ئێوە دەژین. ئایا کامیان باشترە، تەنیا خودا دەزانێت."
کوردیش دەڵێن؛ وەک باوکی بەرخۆدان شڤان پەروەر كە بەڕاستی باوکی هونەری بەرخۆدانە کە سەری بۆ داگیرکەرانی کوردستان دانەنەواند و گوتی؛ بەرخۆدان ژیانە، سەرهەڵدان ژیانە. دیسان وەک شاعیر ژارۆ دهۆکی گوتی: "هزر دکرن ئەگەر هەزار هەزار سەرژێكرن، هەزار هەزار بەرزەکرن، کورد دمرن، لێ ژ بیر کرن کورد ژ سێدارەیان بلندترن، ژقامچی و لێدانان موکومترن و کورد ژمرنێ ژی مەزنترن..."
ڕۆدیێ خودێدایەڤ
rodiyexwededayev@gmail.com