تەیف سامی: نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بەدەست بگات، مووچەی مانگی شەش دەنێرین

ئەندامێکی بەشدار لە کۆبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان داوایان لە تەیف سامی کردووە، مووچەی مانگی شەش بنێرێت، بەڵام وەزیرەکەی عێراق گوتوویەتی: "هەر کات نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانمان پێگەیشت، دەینێرین.

ئاب 20, 2025 - 17:08
تەیف سامی: نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بەدەست بگات، مووچەی مانگی شەش دەنێرین
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە بەشداری چەند وەزیر و بریکارێکی دیکەی عێراق ئەمڕۆش بەردەوام بوو. ئەندامێکی بەشدار قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند: "گفتوگۆی چر کراوە لەسەر داهاتی ناوخۆو بەتایبەتی لەسەر ئەوەی کام داهاتەی هەرێمی کوردستان 50٪ی بۆ بەغدا بگەڕێتەوە. گوتیشی، لەسەر داهاتی گومرگ رێککەوتون کە 50 بە 50 بێت بۆ هەردوو حکومەت، ئەوەی ماوەتەوە باج و رسوماتە و هەفتەی داهاتوو قسەی کۆتایی لەسەر دەکەن."
 
"شاندی هەرێمی کوردستان داوایان لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە مووچەی مانگی شەش خەرج بکات، بەڵام ئەو رایگەیاندووە، 'تاوەکو ئێستا نووسراوی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بەدەست نەگەیشتووە و هەر کاتێک گەیشتە دەستیان لەسەر بنەمای بڕیارەکە، مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان خەرج دەکەن'." ئەو ئەندامە کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە وای گوت.
 
هاوکات راشیگەیاند: "لایەنی عێراقی رازیبوونە بۆ مانگەکانی داهاتوو بەو بڕیارەدا بچنەوە کە 120 ملیار دینار وەکو داهاتی نێوخۆ دیاریکرابوو، بڕیارێکی نوێ دەدەن، بەڵام تائێستا هیچ پێشنیازێک بۆ ئەو مەبەستە نەخراوەتەڕوو."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن، ماوەی هەفتەیەکیان لەبەردەستە تاوەکو بگەنە ئەنجامی کۆتایی."
 
بە گوتەی سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقیش، ئەگەر هەولێر 120 ملیار دینارەکە رادەست بکات وەکو داهاتی نێوخۆی مانگی شەش و رێکارەکانی رادەستکردنی نەوت تەواو ببن، مووچەی مانگی شەش دەنێردرێت، تەنانەت ئەگەر کاری لیژنەکانی[ لێکۆڵینەوە لە داهاتی نانەوتی] دوابکەوێت، چونکە رێککەوتنی ئەوان بۆ مانگەکانی داهاتووە نەوەک مانگی شەش."

سەرچاوە: ڕووداو