ئاماژە قووڵەکانی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نیسان 18, 2025 - 01:20
نیسان 18, 2025 - 01:21
ئاماژە قووڵەکانی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

محمد فائق

 چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کۆڕبەندی زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی ئەنجامدرا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەی خۆیدا، ئاماژەی بە چەند هەلومەرج و چوارچێوەیەکی گۆڕانکاری کرد کە شیاوی هەڵوەستەی جیددین. لێرەدا چەند خاڵێک هەن کە ئاوڕیان لێ دەدەینەوە:

١- لە سەرەتای وتارەکەیدا ئاماژەی بەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییانە کرد کە لەماوەی پێشوودا ڕوویاندا یانژی لە ئێستادا بەردەوامییان هەیە؛ وەک پرسی ئۆکرانیا، فەڵەستین و سووریا. ئاماژەکە دیدگەی سیاسییەکی دووربین بوو بەوەی کە لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوانە بەدوور نابن لە ئێمە و نابێت پێمان وابێت دووریی جوگرافی لە پاشهاتە چاک و خراپەکانمان دەپارێزێت. هەروەک چۆن ئەگەر ئامادەیی دیپلۆماسی و سیاسیمان نەبێت، دەشێت کاریگەرییەکان چەند هێندە ببنەوە. هەرێمی کوردستان تاکە ڕێگەی بۆ خۆهێشتنەوەیەکی بەهێز لەنێو ئەم سیاقە بزۆکەدا، بریتییە لە فراوانکردنی ڕایەڵە دیپلۆماسسیەکانی و پتەوکردنی چوارچێوە دەستوورییەکەی لەگەڵ حوکوومەتی فیدراڵدا؛ چونکە دەستوور دەستەبەری سەرجەم مەوقیعیتە سیاسییەکانی دەکات لەم هەلومەرجەدا.

٢- لە ئاماژەدانەوە بە خاڵی یەکەم باسێکی کورت بەڵام دەروازەیی بەسەر پرسی گۆڕانی کەشوهەوادا کردەوە کە دەشێت چەند ساڵی ئایندە کاریگەرییەکانی بەقووڵی لەسەر عێراق و ناوچەکەیش دەربکەون. سەرۆکی هەرێم لەم خاڵەدا ویستی بڵێت: بۆ چارەسەری ئەم مەترسییەی کە سەرەتاکانی لە باشووری عێراق دەرکەوتوون، دەبێت لەگەڵ حوکوومەتی فیدراڵ کاری پێکەوەیی ئەنجام بدەین و بەرپرسیارێتییە جیهانییەکانیش وەبیر کۆمەڵی نێودەوڵەتی بهێنینەوە، چونکە ئەرکەکە قورسە و دەبێت دەست بۆ هێنانی ڕەهەندە جیهانییەکەشی ببەین.

٣- بۆچی دەڵێین خاڵی دووەم دەروازەیی بوو؟ چونکە سەرۆکی هەرێم لەڕێیەوە چووە ناو هێنانەئارای پرسی کورد لە ئاستێکی ناوخۆیی و هەرێمییشدا. سەرەتا دەستی دۆستایەتی و هەماهەنگیی بۆ حوکوومەتی فیدراڵ درێژ کرد و ئەوەی دایەوە بەگوێی هەموواندا کە هەرێم دەیەوێت لەسەر خوانی دەستوور و هاوچارەنووسی لەگەڵ حوکوومەتی فیدراڵدا درێژە بە ڕەوتی چارەسەر و بووژانەوە بدات. هەروەتر لە ئاستە هەرێمایەتییەکەیشدا دەستی بۆ خەسڵەتێکی مێژینەیی کورد برد کە بریتییە لە ئاشتیخوازی و تەبایی، کورد بەدرێژایی مێژوو نەک هەر مەترسی نەبووە بۆ هیچ گەل و وڵاتێک؛ بەڵکوو ڕەهەندێکی گرنگی ئەو سەقامگیرییەش بووە کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوە و دەبینێت، بەمەرجێک فەرامۆش نەکرێت و هەوڵی عەبەسییانەی سڕینەوەی نەدرێت. کاتێک باسی لە کوردی پارچەکانی دیکە کرد، وەک سیاسییەکی زەنگینئەزموون، لە دەرگایەکی دا کە تەنها خۆی پەی پێ بردبوو: چارەسەری پرسی کوردی هەر پارچەیەک دەبێت لە چوارچێوەی پێودانگ و نۆرمەکانی ئەو وڵاتەدا بێت، مۆدێلی هیچ پارچەیەک مومکینە بە دەردی پارچەیەکی دیکە نەخوات! 

٤- گەلی کوردستان لە گوتارەکەدا سەنتەر بوو، سەرۆکی هەرێم هەموو پەرەگرافەکانی گوتارەکەی دەهێنایەوە سەر چارەسەری پرسی کورد و سەلماندنی سیاسییانەی کێشەکانی. وەک چۆن عێراق و وڵاتانی دەوروبەری بانگهێشتی خوانێکی پڕ لە چارەسەری فرەڕەنگ کرد، ئاوهایش سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی ناوخۆ و پارچەکانی دیکەیشی بە حیکمەتێکی بنجبڕانە وریاکردەوە: دەستکەوتەکانی سەرکەوتن تەنها لە ئاشتیخوازی و دیپلۆماسیەت و دیالۆگدا دەچنرێنەوە، ئەمەیش بە تەبایی و هەماهەنگی و لێکگەییشتنی نێوخۆمان دەکرێت، بەر لە گەرانتی هەر هێزێکی دیکە. ئەگەر تەبابین و ڕووئیایەکی سیاسیانەمان بۆ گرفتەکان هەبێت، بەدڵنیاییەوە لە ئایندەدا نەک هەر گەشە دەکەین بەڵکوو دەبینە زامنی بەرقەراربوونی ئاشتییەکی سەرتاسەری لەناوچەکەیشدا.