یەکێتیی جووتیاران: هەر جووتیارێک لە پلانی کشتوکاڵدا خۆی تۆمار نەکات ساڵی داهاتوو گەنمەکەی وەرناگیرێت

گوتەبێژی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان دەڵێت، پڕۆسەی تۆماری زەویی جووتیاران لە پلانی کشتوکاڵی دەستپێکردووە و هەر جووتیارێک خۆی تۆمار نەکات، ساڵی داهاتوو گەنمەکەی وەرناگیرێت.

ايلول 14, 2025 - 10:39
یەکێتیی جووتیاران: هەر جووتیارێک لە پلانی کشتوکاڵدا خۆی تۆمار نەکات ساڵی داهاتوو گەنمەکەی وەرناگیرێت
هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی یەكێتیی جووتیارانی ‏كوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، "لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ تۆمارکردن بۆ پلانی کشتوکاڵیی وەرزی نوێی چاندن دەستیپێکردووە و پێویستە هەموو جووتیاران فۆڕمی تایبەت پڕبکەنەوە".
 
لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە فۆڕمێکدا زانیاریی لەبارەی جووتیار، بڕی دۆنمی زەوییەکەی، چەند دەچێنێت بە دانەوێڵە، زەوییەکەی ئاوییە یان دێمی تۆمار بکرێت.
 
گوتەبێژی یەكێتیی جووتیارانی ‏كوردستان گوتی: "کاتێک ساڵی داهاتوو عێراق رێژەی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، بەگوێرەی ئەو پلانە رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاری دەکرێت و هەرکەس ئەو فۆڕمەی نەبێت هیچ بڕە گەنمێکی لێوەرناگیرێت."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی دێمی هەن، کە شیاون بۆ چاندنی گەنم و جۆ. بەگوێرەی یەکێتی جووتیارانی کوردستان، ساڵی رابردوو 30% بۆ 35%ی ئەو زەوییانە بە دانەوێڵە چێندراون.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرتبوو.
 
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ئەمساڵ رێژەکەی کەم کردەوە و بە هەمان نرخیش وەریگرت.
سەرچاوە: ڕووداو