کۆمیسیۆن: کارمەندە یەدەگەکانی رۆژی هەڵبژاردنیش پارەیان پێدەدرێ

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، 5%ـی کارمەندانی سەر سندووقەکان یەدەگ بوون و ئەوانیش پارەیان پێدەدرێ.

تشرینی یەکەمی 17, 2025 - 14:07
کۆمیسیۆن: کارمەندە یەدەگەکانی رۆژی هەڵبژاردنیش پارەیان پێدەدرێ
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ناوی 34 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لە تیروپشکدا دەرچوو وەک کارمەندی سەر سندووق کە بەسەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشکرابوون.
 
رۆژی دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند مانگێک دوای هەڵبژاردن، کارمەندانی سەر سندووقەکان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن. کارمەندی یەدەگیش لە هەموو پارێزگایەک دانرابوون و ئەوانیش پارە وەردەگرن".
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "مووچەی کارمەندانی یەدەگ کەمترە لە کارمەندەکانی دیکە و هەر یەکێکیان 100 هەزار دینار وەردەگرێ".
 
بە گوتەی نەبەرد عومەر، کارمەندان دەبێت کارتی بانکییان هەبێت، چونکە لەو رێگەیەوە شایستەکانیان وەردەگرن و دەتوانن لە ئامێرەکانی ATMـەوە پارەکانیان رابکێشن.
 
ئەو کارمەندانە لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا لە زیاتر لە 39 هەزار وێستگە سەرپەرشتیی پرۆسەی دەنگدانیان کرد. لەو 34 هەزار کەسەی ناویان دەرچووە، 5%ـیان وەکو یەدەگ بوون، واتە 1700 کەس.
 
مووچەی ئەو کارمەندانە بەپێی ئەرکیان جیاوازە و سێ جۆرە. نەبەرد عومەر گوتی: "سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدان 400 هەزار دینار وەردەگرن، بەڕێوەبەرانی وێستگە 300 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدانن، 300 هەزار دیناریان پێدەدرێ، بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن".
 
ئەو کارمەندانەی لە هەرێمی کوردستان ناویان بۆ سەر سندووقەکان دەرچووە بەمشێوەیەن:
 - پارێزگای هەولێر: 12 هەزار و 339 کەس
- پارێزگای سلێمانی: 13 هەزار و 340 کەس
- پارێزگای دهۆک: 8 هەزار و 256 کەس