یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؛ "رێکارەکانی یەکەی 80 تەواوبوون"

فەرماندەی یەکەی 80ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێت، رێکارەکانی گواستنەوەی هێزەکە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە تەواوبوون. گوتەبێژی یەکەی 70ش باس لەوە دەکات، جێبەجێکردنی رێکارەکان لە قۆناخی کۆتاییدایە.

تشرینی یەکەمی 17, 2025 - 13:27
یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؛ "رێکارەکانی یەکەی 80 تەواوبوون"
لە ماوەی رابردوودا کاری جیدی کراوە بۆ ئەوەی هەردوو یەکەی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکەی 70ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆبکرێنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، لیوا نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بوون و دۆسیەکە نێردراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دوای واژۆکردن، ئیدی دەگوازرێتەوە. بڕیاری فەرماندەی دەڤەری یەکیش دەرچووە."
 
فەرماندەی یەکەی 80 گوتی، ئەوەی لەسەر ئەوان بووە کردوویانە و بە زوویی رێکارەکانیان جێبەجێ کردوون.
 
هاوکات ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70ی پێشمەرگە  راگەیاند: "هێشتا رێکارەکانی یەکەی 70 تەواو نەبوون، بەڵام لە قۆناخی تەواوبووندان. هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە کە بزانین کەی تەواو دەبین."
 
لەبارەی هۆکاری تەواونەبوونی رێکارەکان، ئەحمەد لەتیف گوتی: "رێکاری رۆتینی زۆرن و پێشمەرگەکانیش زۆرن."
 
رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو."
 
دوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەم مانگە یەکەی ژمێریاری بۆ هێزی پێشمەرگە بکرێتەوە. کردنەوەی ئەو یەکەیە دەبێتە دوایین قۆناخ بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە."