لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی بارسێلۆنادا، ئەستێرەیەکی بەئەزموون و کاریگەر لەناو تیپەکەدا سەری هەڵداوە، ئەویش رۆبێرت لێڤاندۆڤسکییە، کە سەرەڕای ئەوەی بەفەرمی نیشانەی سەرکردایەتی نییە، بەڵام یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی تیپەکە.
پەیوەندی نێوان لیڤاندۆڤسکی و راهێنەر هانزی فلیک متمانە و لێکگەیشتنی قوڵی تێدایە، ئەمەش بەهۆی ساڵانێکی زۆر لە کارکردنی پێکەوە و ئەو سەرکەوتنانەی کە لە بایرن میونشن بەدەستیان هێنابوو، ئێستاش هەردووکیان هەوڵ دەدەن ئەو دەستکەوتانە لە کامپ نو دووبارە بکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەی تووشی پێکانێکی لەناکاو بوو کە رێگری لێکرد لە بەشداریکردنی سەرەکی لە سەرەتای وەرزەکەدا، لیڤاندۆڤسکی بەردەوامە لە چاودێریکردنی وردی ئاستی تیپەکە لەسەر سەکۆکان و کورسی یەدەگ، ئەو نائومێدی خۆی لە ئاستی یەکێک لە دیارترین گرێبەستەکانی نوێی بارسێلۆنا ناشارێتەوە، کە مارکوس راشفۆردە.
راشفۆرد سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا لەگەڵ بارسێلۆنا توانایەکی جەستەیی و خێراییەکی ناوازەی نیشانداوە، بەڵام هێشتا بەدوای خۆگونجاندندا دەگەڕێت لەگەڵ شێوازی یارییکردنی یانەکە، کە بە تەواوی جیاوازە لە شێوازە کۆنەکەی. ناسەقامگیری و متمانەی لاوازی دوای ئەزموونە کۆتاییەکەی لەگەڵ یانەکەی پێشووی، وایکردووە کە تاوەکو ئێستا ناتوانێت ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە لێی چاوەڕوان دەکرێت.
لێرەوە دەستوەردانەکەی لێڤاندۆڤسکی دێت، کە داوای لە راهێنەر فلیک کردووە پێداچوونەوە بەشێوازی پشتبەستن بە راشفۆرد بکات، ئاماژەی بەوەداوە کە تیپەکە لەوانەیە زۆر شت لەدەستبدات کاتێک یاریزانە ئینگلیزییەکە لە شوێنێکدا یاری دەکات کە بەتەواوی گونجاو نییە بۆی، بەتایبەتی لەو دۆخانەی کە پێویستیان بە گوشارێکی بەرز لەسەر تیپی رکابەر هەیە.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە بڕیاریدا کۆتا هەل بە راشفۆرد بدات لە یاری لیڤانتێ، بەڵام زۆری نەخایاند لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە و لەنێوان دوو گێمەکەدا گۆڕانکاری پێکرد، ئەمەش ئاماژەیەکی روون بوو کە هێشتا کاتەکە نەهاتووە بۆ وەبەرهێنانی تەواو لە تواناکانی ئەستێرە ئینگلیزییەکە.
شتەکە روونە، بارسێلۆنا پێویستی بە ئارامی و هێواشی هەیە، تاوەکو راشفۆرد بتوانێت بەتەواوی خۆی بگونجێنێت، پێش ئەوەی متمانەی پێبدرێت وەک بەشێکی سەرەکی لە پرۆژەی تیپەکە.
سەرچاوە: ڕووداو