تەنیا 17٪ـی ژاپۆنییەکان پاسپۆرتیان هەیە
داتای نوێ ئاشکرای کردووە، تەنیا یەک لەسەر شەشی هاووڵاتیانی ژاپۆن پاسپۆرتیان هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەی گەشتیارانی ئەو وڵاتە بۆ دەرەوە بە خاوی لە زیادبووندایە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتەوە ئاستی پێش پەتای کۆرۆنا.

وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی پار، 21 ملیۆن و 600 هەزار کەس پاسپۆرتیان هەبوو، کە نزیکەی 17.5٪ی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنێت. لە کاتێکدا پێش پەتای کۆڤید-19 نزیکەی 25٪ی خەڵکی ژاپۆن پاسپۆرتی بەرکاریان هەبوو. بەپێی پێوەری پاسپۆرتی هێنلی بۆ ئەم ساڵ، پاسپۆرتی ئەم وڵاتە هاوشان لەگەڵ پاسپۆرتی کۆریای باشوور لە پلەی دووەمی بەهێزترین پاسپۆرتی جیهان دێن لە دوای سەنگافورە، کە هەڵگرانی دەتوانن بەبێ ڤیزە سەردانی 190 وڵات بکەن. بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن، دوای کۆتاییهاتنی رێوشوێنەکانی کەرەنتینە و داخستنی سنوورەکان لە سەردەمی کۆرۆنا، گەشتکردنی ژاپۆنییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بە خاوی دەستی پێکردووەتەوە. شیکارکاران دەڵێن، لاوازبوونی بەهای یەن، کە لە پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 30٪ی بەهاکەی لەدەستداوە، یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمیی گەشتکردنی ژاپۆنییەکان بۆ دەرەوە. هەروەها گرنگیدان بە گەشتی ناوخۆیی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان. وڵاتەکە پێشوازی لە ژمارەیەکی پێوانەیی گەشتیاری بیانی دەکات، پار زیاتر لە 36 ملیۆن کەس سەردانی ژاپۆنیان کردووە، بە تایبەتی ناوچە گەشتیارییەکانی تۆکیۆ. گەشتی ژاپۆنییەکان بۆ دەرەوە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. ساڵی 1990، زیاتر لە 10 ملیۆن ژاپۆنی گەشتیان بۆ دەرەوە کردبوو، پێش بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 ئەو ژمارەیە گەیشتە 20 ملیۆن. بەپێی ئاژانسی گەشتیاری JTB-ی ژاپۆنی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی 14.1 ملیۆن ژاپۆنی گەشت بۆ دەرەوە بکەن. ئاژانسە مانگی رابردوو لە راپۆرتێکدا رایگەیاند "لە ساڵانی دواییدا، دابەزینی خێرای بەهای یەن وای لە هەندێک کردووە خۆیان لە گەشتی دەرەوە بەدوور بگرن، بەڵام هەر کاتێک بازاڕی دراو جێگیر بێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت گەشتی دەرەوە گەشە بکات." سەرچاوە: ڕووداو