نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی زمانی دایک: زمانمان هه‌بوونمانه‌

نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی زمانی دایک دا جەخت لە بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی و زمانی تەواوی پێکهاتەکانی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، "زمانمان هەبوونمانە".

شوبات 21, 2025 - 12:00
نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی زمانی دایک: زمانمان هه‌بوونمانه‌

رۆژی هەینی، 21ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی رۆژی زمانی دایک، لە پۆستێکی ئێکس دا گوتی: "له‌ رۆژى جيهانيى زمانى دايكدا، جه‌خت له‌ به‌ره‌وپێشبردنى زمانى شيرينى كوردى و زمانى ته‌واوى پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌مه‌وه‌." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "زمان پێكهاته‌يه‌كى سه‌ره‌كيى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى و كولتووريمانه‌، ده‌بێ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پارێزگارى لێ بكه‌ين و بايه‌خ و گرنگيى پێويست به‌ پێشخستنى بده‌ين." ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایکە؛ ئەم ساڵ، رۆژی زمانی دایک کە ساڵانە لە 21ـی شوبات دەکرێت لە یۆبیلی زیوینی خۆیدا یادی دەکرێتەوە، واتە 25 ساڵ بەسەر دەستنیشانکردنی ئەم رۆژە دا تێدەپەڕێت. مەبەست لە دیاریکردنی رۆژێک بۆ زمانی دایک بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر زمان و بەزیندوویی هێشتنەوەی. هاوکات، هاندانێکە بۆ ئەوەی دەرفەت بە هەمووان بدرێت بە زمانی دایک بخوێنن. ئێستا نزیکەی 40٪ـی خەڵکی جیهان دەرفەتی ئەوەیان نییە بە زمانی دایک بخوێنن یان بنووسن کە باکووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکن لەو رێژەیە. تاوەکو ئێستا 8324 زمان تۆمارکراون کە ئێستا قسە بە حەوت هەزار و 139 زمان دەکرێت، بەڵام بە ئەگەری زۆر تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە نزیکەی 1500 زمانی دیکە لەنێودەچن. زمانی کوردی بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن، لەنێویشیاندا زمانی ماندراین کە زمانی چینییەکانە 955 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و لە ریزبەندی یەکەم زمانی جیهانی دایە. لەدوای ئەویش زمانی ئیسپانی دێت کە 405 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و زمانی ئینگلیزیش 360 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن. هەرچی زمانی کوردیشە بەپێی ریزبەندی ئینسایکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی لەریزبەندی 59یەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدەهێنن، کە دەکاتە 0.31% ی دانیشتووانی جیهان. زمانی کوردی پێنج زاراوەی سەرەکی هەیە و هەر زاراوەیەکیش لە چەند شێوەزارێک پێکهاتوون کە بەمشێوەیەن: شێوەزارەکانی گۆرانی: هەورامی، کەندولەیی، باجەلانی شێوەزارەکانی زازاکی: زازاکی سەروو (دێرسم)، زازاکی ناوەند (ئامەد)، زازاکی خواروو (رووها) شێوەزارەکانی کورمانجیی سەروو: سەرحەدی، بادینی، بۆتانی، رۆژئاوایی شێوەزارەکانی کورمانجیی خواروو: کەلهوڕی، فەیلی، کرماشانی شێوەزارەکانی کورمانجیی نێوەڕاست: سۆرانی، موکری، سلێمانی، گەرمیانی و ئەردەڵانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زمانەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی ئەوەش ئەنجامی دابەشکردنیەتی بەسەر چوار وڵاتدا و دەیان و سەدان وشەی بیانی هاتوونەتە نێو ئەو زمانە. نوێترینیشیان قسەی گەنج و منداڵانە بە تێکەڵاوی لە نێوان وشەی ئینگلیزی و کوردی و خەریکە سۆشیاڵ میدیاش کاریگەری نەرێنی گەورە دەخاتە سەر زمانێک کە هەزاران ساڵە شووناسی نەتەوەیەکە و ئامرازێکی سەرەکی مانەوەیەتی. پێنج زانیاریی سەرنجڕاکێش لەبارەی زمانی دایک - نزیکەی حەوت هەزار زمانی دایک لە جیهاندا تۆمار کراون - سێ ملیار کەس ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بخو‌ێنن - زمانی دایک ئەگەر چەندین ساڵیش قسەی پێ نەکەیت، بیرت ناچێتەوە - مێشک بە زمانی دایک بیر دەکاتەوە و خەون دەبینێت - کۆرپەلە لە سکی دایکدا دەست بە ناسینەوەی دەکات سەرچاوە: ڕووداو