هاککەرێک لە عێراق 1500 گێگابایت زانیاریى دەدزێت و دەیانفرۆشێت
هاککەرێک لە عێراق دەستگیرکراوە کە هەزار و 500 گێگابایت زانیاریى لە ژمارەیەک کۆمپانیاى کەرتى تایبەت بردووە و چەندین جار فرۆشتوونی، کە زانیاریى کەسیى چەندین هاووڵاتى بووە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەو کەسەی دەستگیرکردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا وردەکارییەکانی بڵاوکردنەوە.
بە گوێرەى دەزگاکە، ئەو زانیارییانەى هاککەرەکە بردوونی "هەستیار" بوون و تایبەت بوون بە ناو، ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنى هاووڵاتییان.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق رایگەیان، ئەو هاککەرە چەندجارێک زانیارییەکانی بە لایەنى نادیار فرۆشتووە.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو تاوانە هەڕەشەیەکى راستەوخۆ بووە لە تایبەتمەندى هاووڵاتییان و ئاسایشى زانیارییان؛ کە وای کردووە "بەپەلە" کار بکەن بۆ دۆزینەوەى تۆمەتبارەکە و ئەو چالاکییە ئەلیکترۆنییە، بەرلەوەى دزە بە زانیاریى زیاتر بکرێت و لە کاری تاوانکاریى دیکەدا بەکاربهێندرێت.
سەرچاوە: ڕووداو