سبەی چارەنووسی مووچەی مانگی 6ـی هەرێمی کوردستان یەکلا دەبێتەوە

وەزارەتەکانی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر داهاتی ناوخۆ نەگەیشتوونەتە رێکەوتن و لەسەر داواکارییەکانیان لە کۆتا کۆنووس، پێداگرن. رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق زانیویەتی ئەگەر تاوەکو پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەولێر داهاتی ناوخۆ و نەوتی بەردەست رادەست بکات، بەغدا مووچە دەنێرێت.

ئاب 9, 2025 - 23:03
سبەی چارەنووسی مووچەی مانگی 6ـی هەرێمی کوردستان یەکلا دەبێتەوە

بەگوێرەی دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت هەولێر مانگانە 120 ملیار داهاتی ناوخۆ و رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا. ئێستا هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 130 هەزار بەرمیلی هەیە، 50 هەزار بۆ ناوخۆیە و 80 هەزاری دەمێنێتەوە بۆ بەغدای بنێرێت.

 سۆزان مەنسور، گوتەبێژی فراکیسۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "چارەسەر ئەوەیە هەردوو حکومەت و پەرلەمانتارەکانی ئێمە دەبێت دەوریان هەبێت. بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان دانەنیشتووە و ئەوانیش دەبێت دەوریان هەبێت. ئێمە ناتوانین لە یەک لاوە کار بکەین ئێستا دەوری حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەموو شێوەیەک هەموو هەوڵەکانی بخاتە گەڕ لەپێناو ئەوەی مووچەی یەک مانگمان دابینکرد ئەوانی دیکەش دابین بکرێن نەک هەر بە پینە و پەڕۆ بێت، تەنیا مووچەی یەک مانگ دابین بکەین و مانگەکانی دیکە دیسان بگەڕێینەوە سەر هەمان کێشە."

جگە لە ناکۆکییەکان لەسەر داهاتی نانەوتی، بێ متمانەیی بەربەستێکێ دیکەی بەردەم خەرجکردنی مووچەیە، هەولێر چاوەڕێی دەرکردنی بریارە لەبەغداوە تاوەکو داهاتی ناوخۆ و نەوت رادەست بکات، بەغداش بە کرداری چاوەڕێی هەولێرە 120 ملیارەکە و نەوت رادەست بکات.

زوحا قەسیر، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوە دەدات، "پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم کێشەکانی گواستووەتەوە بۆ ئەم دۆخە، بۆیە لەسەر حکومەتی هەرێم پێویستە پابەند بێت بە رێکەوتنەکە و پەلە بکات لە رادەستکردنی نەوت و داهات، بە حکومەتی ناوەندی".

14 کاژێری داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی مووچەی مانگی 6 بەهاتن یان نەهاتن، ئەگەر وەزیری دارایی عێراق قسەیەکی خێر لە کۆبوونەوەکە بکات و سەرۆکوەزیرانیش واژۆی بکات ئاسانتر و زووتر مووچە دەگاتە دەست مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە: ڕووداو