سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەی مانگی دوودا نییە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی دوو لە قۆناخەکانی کۆتایی دایە و بەزووترین کات بۆ بەغدا دەنێردرێت.

رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم چەند رۆژەدا لیستی مووچەی مانگی دوو بۆ بەغدا دەنێردرێت. گوتیشی، "بەپێی بەرنامەکانی ئێمە بێت، ئەم هەفتەیە تەمویلی مووچە دەنێردرێت، پێش مانگی رەمەزان چارەنووسی مووچەی ئەم مانگە دیار دەبێت." لەبارەی کێشەی مووچەی مانگی دوو، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "ئەو دەنگۆیانەی باس دەکرێن راست نین و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە". وەزارەتی دارایی عێراق پێشتر ئەم سێ داواکارییەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردبوو: یەکەم: لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوباتی 2025 و مانگەکانی دیکە، داتای بەجێکردن (تەوتین)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان پێبدەن، بەپێی ئەو میکانزمەی کە دادگەی فیدراڵی دیاریکردووە. دووەم: داهاتی نانەوتی مانگی شوباتی 2025ـیان بۆ بنێرێتە سەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندی عێراق بە ژمارە ( 70018)، نەک تەنیا ئەو بڕیارەی رەوانەکراوە کە 51,895,457,877 دینارە. سێیەم: داوا دەکات داهاتی نەوتی بخرێتە سەر ئەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە بانکی ناوەندی بە ژمارە (300900) کراوەتەوە. کۆتایی مانگی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چەند مژارێکی دیکە. رۆژی 3ـی ئەم مانگە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "لەگەڵ عێراق رێککەوتین مووچەی ئەم ساڵ بێ گرفت خەرج بکرێت". سەرچاوە: ڕووداو