سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، چۆن شەڕەکەی ڕاگرت!
نێچیرڤان بارزانی؛ ئەندازیاری پشت پەردەی رێککەوتنەکە...کلیلی متمانەو چارەسەر
دوای چەندین هەفتە لە پێکدادانی سەربازی و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەتر، دواجار حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتنێکی نوێیان واژۆ کرد. پێگەی مۆنیتەری ئەمریکی دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی "یەکلاییکەرەوە و سەرەکی" لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و رەواندنەوەی مەترسییەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان گێڕاوە.
نێچیرڤان بارزانی؛ ئەندازیاری پشت پەردەی رێککەوتنەکە
ئەمبرین زەمان، شرۆڤەکار و رۆژنامەڤانی دیاری بواری کاروباری ناوچەکە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.
پێش ئەوەی رێککەوتنەکە واژۆ بکرێ، خانمە رۆژنامەڤان و شرۆڤەکارەکە نووسیبووی: "ئەگەر رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ بکرێ، دەبێت ستایش و پێزانینێکی زۆر ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، مەزڵووم عەبدی و لیندزی گراهام بکرێت."
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (مۆنیتەر)، لەکاتێکدا تیمە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا سەرقاڵی گفتوگۆ بوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبێ دەنگی و لەرێگەی پێگە و پەیوەندییە بەهێزە نێودەوڵەتییەکانییەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەی دەدا.
راپۆرتەکە کە لە لایەن ئەمبرین زەمانەوە نووسراوە، ئاشکرای کردووە کە نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە فرانکلین گراهام، سەرۆکی دەزگەی بیڵی گراهام و یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییە هەرە کاریگەرەکانی ئەمەریکا کردووە. لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییەدا گراهام نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە و داوای لێکردووە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە "لەنێوبردن"ی گەلی کورد. ترەمپ لە وەڵامدا نووسیوویەتی: "بەجێگەیێندرا. دۆناڵد."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نێچیرڤان بارزانی بەو پێیەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیە و هاوکات جێگەی متمانەی تەواوی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدەیە، توانیویەتی وەک کۆکەرەوەی دژەکان رۆڵ بگێڕێ و رێگە بۆ رێککەوتنەکە خۆش بکات.