زیلینسکی لە دوای دەمەقاڵێکە دەڵێت 'دەکرێت' پەیوەندیی لەگەڵ ترەمپ چاک بکاتەوە
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێشتاش دەکرێت پەیوەندییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چاکبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی ترەمپ دەنگی بەسەردا بەرزکردەوە و تۆمەتباریکرد بەوەی نایەوێت لەگەڵ رووسیا لەسەر ئاشتی رێکبکەوێت.

لە هەڤپەیڤینێکی رۆژی هەینیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، پرسیار لە زیلینسکی کرا؛ ئایا دەکرێت پەیوەندییەکەیان چاکبێتەوە، لە وەڵامدا گوتی، "بێگومان". زیلینسکی گوتی، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکراینا "لە دوو سەرۆک گەورەترن،" باسی لەوەش کرد، ئۆکراینا زۆر پێویستی بە پشتیوانیی واشنتنە بۆ شەڕی دژی رووسیا، کە سوپاکەی زۆر گەورەترە و چەکی پێشکەوتووی هەیە.
زیلینسکی بە دڵخوازترین کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ترەمپی راگەیاند، "بێ پشتیوانیتان، زەحمەت دەبێت." قسەکانی زیلینسکی دوای ئەوە هاتن؛ لەنێو نووسینگەی سەرۆکدا لە کۆشکی سپی، لە شەڕە قسەی نێوان هەردوو سەرۆکدا پشتیوانیی گەورە و چەندین ساڵەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا، داڕما.
دوای ئەوەی بێ واژۆکردنی رێککەوتن لەسەر کانزاکان، زیلینسکی لەلایەن ترەمپەوە لە کۆشکی سپی کرایە دەرەوە، سەرکردەکانی ئەورووپا هەر زوو پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆکراینا دەربڕی.
ترەمپ واژۆکردنی رێککەوتننامەی کانزاکان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاگربەستی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دەزانێت. لەماوەی دەمەقاڵێکە دا، کە لە لایەن میدیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانەوە گوێزرایەوە، ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هاواریان بەسەر زیلینیسکیدا کرد و تۆمەتباریان کرد بەوەی سوپاسگوزار نەبووە و ئاگربەست رەتدەکاتەوە.
ترەمپ گوتی "تۆ ئێستا هیچ کارتێکت نییە. یان رێکدەکەویت، یانیش ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە، ئەگەر بچینە دەرەوەش، جەنگەکە دەدۆڕێنن و پێموانییە زۆر بخایێنێت." زۆری نەبرد، زیلینیسکی کۆشکی سپیی جێهێشت.
ترەمپیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایگەیاند "کەی بۆ ئاشتی ئامادە بوو، دەتوانێت بێتەوە." سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە لە ماوەی دەمەقاڵێکە لە نووسینگەی سەرۆک بوو، بە فۆکس نیووزی راگەیاند، سەرەتا داوا لە ئۆکراینییەکان کرا لە ژوورەکە بچنە دەرەوە. دواتر داوایان لێکرا کۆشکی سپی جێبهێڵن.
دواتر سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، زیلینسکی "زیادەڕۆیی کرد" و پێویستە رازیبێت "دەستبەجێ" کۆتایی بە جەنگ بهێنێت. بەڵام زیلینسکی رەتیکردەوە داوای لێبووردن بکات و بە فۆکس نیووزی راگەیاند "دڵنیا نیم شتێکی هەڵەم کردبێت،" بەڵام هیوای خواست ئەو دەمەقاڵێیە لەبەردەم رۆژنامەڤانان رووینەدەبا.
دواتر مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، پێویستە زیلینسکی "داوای لێبووردنمان لێ بکات لە بەرامبەر بەفیڕۆدانی کاتەکەمان."
سەرچاوە: ڕووداو