بارسێلۆنا لەپێناو نازناوێکی دیکەدا رووبەڕووی ڤیاریال دەبێتەوە
یانەی بارسێلۆنا وێڕای بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای ئەمساڵ، لە دوایین دوو یاریی خۆیدا لە خولی ئیسپانیا، بەدوای دەستکەوتێکی دیکەدا دەگەڕێت.

بارسا ئەمڕۆ لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ڤیاریال دەکات، کە چاوی لە مسۆگەرکردنی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووە. بارسێلۆنا لە کۆی 36 یاریی وەرزی ئەمساڵ لە خولی لالیگا، کۆی 97 گۆڵی تۆمارکردووە، تەنیا سێ گۆڵی دیکەی پێویستە بۆ گەیشتن بە گۆڵی ژمارە 100 لە وەرزەکەدا.
بەلەبەرچاوگرتنی هێزی هێرشبەرییانەی بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵدا، یانەکە دەتوانێت بگاتە ئامانجەکەی خۆی، لە کاتێکدا جیا لە یارییەکەی ڤیاریال، یارییەکی لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباویش دەمێنێت.
ئەگەر بارسا سەرکەوتووبێت لە تۆمارکردنی گۆڵی ژمارە سەد لەو دوو یارییەدا کە ماویەتی، ئەوە دەبێتە نۆیەم جار لە مێژووی خۆیدا بەو دەستکەوتە بگات. هەروەها دەبێتە یەکەمجاریش بەهەمان ژمارە بگاتەوە پاش رۆیشتنی سیانەی مێسی، سوارێزی و نەیمار لە یانەکە.
ئەو وەرزانەی بارسا تۆمارکردنی 100 گۆڵی تێپەڕاندووە بریتین لە:
2016 - 2017 کۆی 116 گۆڵ
2012 - 2013 کۆی 115 گۆڵ
2011 - 2012 کۆی 114 گۆڵ
2015 - 2016 کۆی 112 گۆڵ
2014 - 2015 کۆی 110 گۆڵ
2008 - 2009 کۆی 105 گۆڵ
1996 - 1997 کۆی 102 گۆڵ
2013 - 2014 کۆی 100 گۆڵ
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، یانەکە دەتوانێت لە وەرزی ئەمساڵدا بەربەستی 100 گۆڵ ببڕێت، بەڵام مەحاڵە بگاتەوە ژمارە پێوانەییەکەی وەرزی 2016 - 2017 کە کۆی 116 گۆڵی لە یەک وەرزدا تۆمارکردووە.
لەسەرئاستی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، بارسێلۆنا ئەمساڵ 169 گۆڵی لە رکابەرەکانی تۆمارکردووە، ئەوەش پێنجەم باشترین ژمارەی گۆڵە یانەکە لە مێژوودا تۆماری بکات.
تیپەکەی هانزی فلیک دەتوانێت ئەمساڵ بگاتەوە دووەم باشترین ژمارەی خۆی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، پاشئەوەی لە باشترین وەرزدا 175 گۆڵی تۆمارکرد کە وەرزی 2015 - 2016 بوو.
ژمارەی پێوانەیی باشترین وەرزی گۆڵکردنی بارسێلۆنا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، وەرزی 2011 - 2012 بوو کە یانەکە 190 گۆڵی تۆمارکرد.
بارسێلۆنا ئەمساڵ سەرجەم نازناوە نێوخۆییەکانی ئیسپانیای بەدەستهێنا کە بریتین لە لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا.
سەرچاوە: ڕووداو