پاپا لیۆ دژایەتیی خۆی بۆ هاوڕەگەزخوازی و لەباربردنی منداڵ دەردەبڕێت
پاپای نوێی ڤاتیکان لە یەکەمین گوتاری خۆیدا بۆ باڵیۆزی وڵاتان لە ڤاتیکان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هاوڕەگەزخوازان و لەباربردنی منداڵان روونکردەوە.

پاپا لیۆی چواردەیەم دووپاتی کردەوە کە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی تەنیا لە نێوان پیاو و ژناندا دەکرێت. سەرکردەی ئایینی 1.4 ملیار کاسۆلیکی جیهان گوتی خێزان بریتییە لە "یەکگرتنی ئارامی نێوان پیاو و ژن."
لیۆی 14ـەیەم دژایەتی خۆیشی بۆ لەباربردنی منداڵ راگەیاند و گوتی کۆرپەلە کە هێشتا لە سکی دایکیدایە، مافی ژیانی هەیە و نابێت لە بارببردرێت.
ئەم قسانەی پاپا لە رێسای رەسەنی کاسۆلیکەکانەوە سەرچاوە دەگرن. پاپا نوێیەکە جەختی لە گرنگیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان.
کۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتانی جیهان، بنەمایەکی پرۆتۆکۆلیی ڤاتیکانە لە دوای هەڵبژاردنی هەر پاپایەک. لەو کۆبوونەوەیەدا، پاپا بە فەرمی سڵاو لە نوێنەرانی زیاتر لە 200 وڵات دەکات کە ڤاتیکان پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵیاندا هەیە.
بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ڤاتیکان وەک وڵات دادەنرێت، بۆیە لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک چاودێر، ئەندامە.
سەرچاوە: ڕووداو