فەرمانگەی چاودێریی سوێد: کۆچبەر هەیە 4 ساڵە وەڵام نەدراوەتەوە بۆ پێدانی وڵاتینامە

فەرمانگەیەکی چاودێریی دەوڵەت لە سوێد رەخنە لە فەرمانگەی کۆچبەرانی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت، خەڵک هەیە چوار ساڵە داوای وڵاتینامەی کردووە، هێشتا وەڵامی نەدراوەتەوە؛ هەروەها زۆرجار بڕیاری راست لەسەر داواکارییەکان نادرێن.

نیسان 5, 2025 - 00:14
فەرمانگەی چاودێریی سوێد: کۆچبەر هەیە 4 ساڵە وەڵام نەدراوەتەوە بۆ پێدانی وڵاتینامە

فەرمانگەی وردبینیی سوێد، کە دامەزراوەی باڵای چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتە و لە کارایی و تەندروستیی کاری ئەو دامەزراوانە دەپێچێتەوە، ئەم ماوەیە چاودێریی فەرمانگەی کۆچبەرانی وڵاتەکەی کردووە. لە راپۆرتی فەرمانگەکەدا هاتووە، فەرمانگەی کۆچبەران یەکجار خاو و ناکاران لە وەڵامدانەوەی ئەوانەی داوای وڵاتینامە (یان پاسپۆرتی سوێدی) دەکەن.

 فەرمانگەکە نموونەی بەوە هێناوەتەوە، خەڵک هەیە چوار ساڵە داوای وڵاتینامەی کردووە و هێشتا وەڵامی نەدراوەتەوە، هۆیەکەشی ئەوەیە کە فەرمانگەی کۆچبەران زۆرتر کار لەسەر ئەو کەیسانە دەکات وەڵامدانەوەیان ئاسانە، ئەوانەی پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زۆرتر بێت بۆ ماوەی دوور و درێژ دوادەخرێن؛ ئەمەش وایکردووە کەسانی داواکار بۆ ماوەی دوور و درێژ لە چاوەڕوانیدا بمێنن.

دامەزراوەکە داوا لە حکومەتی سوێد دەکات رێوشوێن بگرێتەبەر و نەهێڵێت چیدیکە ئەو دواکەوتنە بەردەوام بێت. هەروەها لەڕووی یاساییەوە ئاسانکاری بۆ فەرمانگەی کۆچبەران بکرێت کە خێراتر زانیاری لەسەر کەسی داواکار دەستکەوێت و بەو هۆیەوە بتوانێت زووتر بڕیار بدات.

هاوکات داوای ئەوەش کراوە، سیستمێکی باشتری کۆنترۆڵکردنی کاری نێو فەرمانگەکە دابنێت بۆئەوەی هەمووان وەکو یەک کار بکەن و بڕیاری هەڵەش نەدرێن.

سەرچاوە: ڕووداو