لەیلا زانا: شنگال برینی دڵی مرۆڤایەتییە
لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کوردی باکووری کوردستان لە 11یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال دەڵێت: ''ئەو دڕندانەی لە شنگال کۆمەڵکوژییان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا، دەبنە رووڕەشی جیهان''؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''شنگال برینی دڵی مرۆڤایەتییە''.
لەیلا زانا رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە 11یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدییدا نووسی: ''ئەو کۆمەڵکوژییەی لە شنگال کرا، برینی دڵ و مێژووی کوردە. گەورەترین بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆی جیهاندایە''.
سیاسەتڤانە کوردەکە نووسیویەتی: ''ئەو دڕندانەی لە شنگال کۆمەڵکوژی و تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا، دەبنە رووڕەشی جیهان''.
لەیلا زانا دەڵێت، ''شنگال برینی دڵی مرۆڤایەتییە. ئێمەش ئێش و ئازاری خۆمان دەکەینە وزە، یەکێتی و هێز، تاوەکو بە ئازادی بژین''.
3ـی ئابی 2014، داعش هێرشیکردە سەر شنگال و نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون؛ هەروەها 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران کە لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێر بوون.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، کە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، "زۆرینەی کوردانی ئێزدی ئێستاش لە ئاوارەییدا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنی پێشوویان".
بەگوێرەی ئامارەکە، "تاوەکو ئێستا 325 هەزار و 197 کوردی ئێزدی لە کەمپەکان یان ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستاندان. هەروەها ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان کە ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن 135 هەزار و 860 کەسە".
لە ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش هاتووە: "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون 3 هەزار و 590 کەسن؛ هەزار و 211 ژن و 339 پیاو؛ هەزار و 76 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ".
سەرچاوە: ڕووداو