لە 11یەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا و UN داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەن
لە یازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا، رێکخراوی یەزدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە رزگاربووانی ئێزدی، رێوڕەسمێکی لە شاری هەولێر سازکرد. نوێنەرە بیانییەکان جەختیان لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەکان و چوونەدەرەوەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە کردەوە.

لە گوتارێکدا کلاودیۆ کۆرتۆ، جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) رایگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ هەموو قوربانییانی دەستی داعش دەردەبڕێت، کە یەکێک لە دڕندانەترین و پڕ لە رقترین ئایدۆلۆجییەکانی مێژووی هاوچەرخە."
جێگری نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی شنگال هێشتا ئاسایی نەکراوەتەوە، "رێککەوتنی شنگال راگیراوە و جێبەجێکردنی وەستاوە. شنگال هێشتا بێ قایمقامە و ئەو هێزە ئەمنییەی بڕیاربوو بۆ بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگە پێکبهێندرێت، هێشتا بڵاوەی پێنەکراوە."
کۆرتۆ داوای کرد هەوڵەکان بۆ پاراستنی مافی کوردانی ئێزدی خێراتر بکرێن، جەختی کردەوە کە "پێویستە دادپەروەری هەبێت، نەوەک تۆڵەسەندنەوە."
هەروەها ستیڤن بیتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ کوردانی ئێزدی دووپاتکردەوە و داوای کرد کۆتایی بە مانەوەی گرووپە چەکدارەکان لە شنگال بهێندرێت. بیتنەر رایگەیاند، "میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەبێت ئەو ناوچانە جێبهێڵن کە لەژێر دەستی داعش رزگار کراون، وەکو شنگال و دەشتی نەینەوا."
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا هۆشداریی دا و گوتی، "کاریگەریی نەرێنیی گرووپە میلیشیاکان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەکان، رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات و دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنی ئابووری."
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی شانبەشانی کوردانی ئێزدی وەستاوە و گوتی، "پەرلەمانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2023 بە فەرمی جینۆسایدی دژی ئێزدییەکانی ناساند. ئەم دانپێدانانە تەنیا هەنگاوێکی فەرمی نییە، بەڵکو بەردی بناخەیە لە جەنگی جیهانی دژی خۆدزینەوە لە سزا."
کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ستایشی "ئازایەتی"ی رزگاربووانی کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پڕۆگرامی "مافەکانت بزانە"ی رێکخراوی یەزدا دەربڕی کە لەلایەن GIZـی ئەڵمانییەوە پاڵپشتی دەکرێت و ئامانجی هۆشیارکردنەوەی رزگاربووانە سەبارەت بە مافەکانیان.
هەر سێ نوێنەرەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شنگال و دابینکردنی دادپەروەری بۆ رزگاربووان، کلیلی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی رابردوو و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
رێکخراوی پەڕگیری داعش لە ساڵی 2014 بەشێکی گەورەی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵ کرد. لە 3ی ئابی ئەو ساڵەدا شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر شنگال و دەوروبەری، کوڕ و پیاوانی کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و منداڵ و ژنەکانیشی رفاندن.
بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە کۆی 6,417 رفێندراو، تائێستا 3,588 کەسیان رزگار کراون.
سەرچاوە: ڕووداو