نەهێشتنی لێکتێنەگەیشتنەکان لە ڕێی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانییەوە
شەنگە ئەحمەد
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، هەروەها پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەهۆی سیاسەتی دیپلۆماسیەتییەوە ئەو بەردەوام هەوڵی بۆ نەهێشتنی لێکتێنەگەیشتنەکان دەدات و جەخت لە چارەکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەکات ئەم ڕێبازە دیپلۆماسییە گەشەسەندن و سەقامگیری لە هەرێمدا گەشتر دەکات. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرینگی بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان لە بڕیاری سیاسی هەرێم کردووەتەوە، بە تایبەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی لە هەرێمدا. ئەو نیشانی داوە کە دیموکراسی ڕاستەقینە پێویستی بە بەشداری گشتی هەیە و هیچ لایەنێک نابێت لە بڕیاردان دوور بخرێتەوە تەنیا بە هاوکاریی هەموو هێزە سیاسییەکان دەتوانرێت چارەسەری گرفتەکان بکرێت و پێشکەوتن بەدەست بهێنرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک دیپلۆماتێکی ژیر و نێوەندگیرێکی دانا لە ناو ئاڵۆزییە سیاسییەکانی کوردانی سوریا خۆی نیشان داوە. لە کاتێکدا کوردانی باکووری سوریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بوونەوە، نێچیرڤان بارزانی توانی بە ژیری و لێهاتوویی پاڵپشتیان بکات و کاریگەری لەسەر نەرمکردنی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر (هەسەدە) ببینێت. ئەم سەرکەوتنە پەیوەندی بە پەیوەندییە بەهێزەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دەکات. ئەم پەیوەندییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر دیاریکردنی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کوردانی سوریا. نێچیرڤان بارزانی توانی ڕێگای گفتوگۆی نێوانیان بکاتەوە و تورکیا هاندەر بێت بۆ کەمکردنەوە و ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی، کە ئەمەش بووە هۆی پاراستنی کوردانی ئەو ناوچەیە لە زیانێکی گەورەتر، ئەو ڕۆڵەی لەم پرۆسەدا ھەیەتی، نیشانەی ئەو دانایی و شارەزایییەیە کە ھەمیشە پێی ناسراوە. نێچیرڤان بارزانی نموونەیەکی ڕاستەقینەی دیپلۆماسی پراگماتیکییە کە ھەمیشە توانیویەتی پەیوەندی باش لەگەڵ ئەمریکا، تورکیا، ئێران و سووریا بپارێزێت و متمانەپێکراوە، ئەو نیشانی داوە کە ھەمیشە بەیەکەوەبوونی ھەموولایەک بۆ چارەی کێشەکان، ھەمووی براوە دەکات، بەبێ ئەوەی ھیچ لایەک قوربانی بێت و ناوچەکەش سەقامگیرتر دەبێت.