نێچیرڤان بارزانی لە زاخۆ…دەوڵەت، نەک ململانێ

ئایاری 14, 2026 - 23:58
نێچیرڤان بارزانی لە زاخۆ…دەوڵەت، نەک ململانێ

ڤینۆس بابان

لە ساتەوەختێکی جیۆپۆلەتیکی یەکجار ئاڵۆزدا، وتارەکەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ سنوورەکانی پرۆتۆکۆڵی سەربازی تێپەڕاند و گۆڕا بۆ مانیفێستۆیەکی سیاسیی ستراتیژی کە نەخشەی قۆناغی داهاتوو دەكێشێت، هەڵبژاردنی سەکۆی دەرچوونی ئەفسەران بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێست لەسەر پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی، تەنها ڕێکەوتێکی کاتی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی سیاسیی ورد و پلان بۆ داڕێژراو بوو بۆ گرێدانی شەرعییەتی هێز بە بڕیاری سیاسییەوە. کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سیفەتی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەدوێت پەیامی هێزێکی نەرم بە پشتێنەیەکی پۆڵایین دەگەیەنێت، ئەو تەنها پشتگیرییەکی سیاسیی پوخت بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەرنابڕێت، بەڵکو پارێزبەندییەکی دامەزراوەیی بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەبەخشێت، بەو پەیامەی کە هەولێر کۆڵەکەی ستراتیژییە و قووڵایی هێز بە دەوڵەت دەبەخشێت، بەو مەرجەی ئەم قووڵاییە لەژێر سایەی دەستووردا بێت نەک ئارەزووی کارەکتەرە نادەوڵەتییەکان.

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لەم سەکۆیەدا، تەنها بەغدای نەکردبووە ئامانجی پەیامەکانی، بەڵکو بە دیدێکی ڕەخنەگرانەی قووڵ پەردەی لەسەر کێشە ناوخۆییەکان هەڵماڵی و پێناسەکردنەوەیەکی جەوهەری بۆ سستیی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، وەک ئاستەنگێکی بنەڕەتی لەبەردەم شکۆی باڵای هەرێمی کوردستان ، ئەو بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم دۆخە چەقبەستووە بهێنرێت.. ئەم هەڵوێستە گوزارشتە لەو ڕاستییە ستراتیژییەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیگەیشتووە.. پشتێنەی پۆڵایین تەنها کاتێک دەتوانێت پارێزەری پارسەنگی هێز و قەوارەی هەرێم بێت، کە لە ژەنگی ململانێ و جەمسەربەندیی حزبی پاککرابێتەوە، تەنها هێزێکی نیشتمانیی بێلایەن کە لەسەرووی کێشمەکێشی سیاسییەوە بێت، دەتوانێت ببێتە جێگەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەنگ و قورسایی هەرێم لە هاوکێشە جیهانییەکاندا بپارێزێت.

جەختکردنەوەی ڕێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕەچاوکردنی دەستوور، تەنها بیرهێنانەوەی دەقە یاساییەکان نەبوو، بەڵکوو دانانی کۆتێکی سیاسی بوو لەبەردەم هەموو ئەو لایەنانەی کە هەوڵی تێکدانی عێراق دەدەن بەرەو ئاسۆییەکی نادیار، شیکردنەوەی قووڵی گوتارەکە دەریدەخات کە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و گەلی کوردستان دەیانەوێت دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی بکەوێتە سەر هیچ ناوچەیەک نەتەوەیەک، پێکهاتەیەکی دیاریکراو، ئەمەش وا دەریدەخات کە مەرجی پشتیوانی هەرێمی کورستان بۆ حکومەتەکەی بەرێز عەلی زەیدی جێبەجێکردنی دەستوور بێت.

گوتارەکەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە زاخۆ، پێناسکردنەوەی هەولێر بوو وەک چەقی سەقامگیری، بەو مانایەی کە هەرێم تەنها جەمسەرێکی ناوخۆیی نییە بەڵکو کلیلێکی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە هاوکێشەیەکی ئارامی لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم دیمەنە دامەزراوەییە ڕێکخراوەی پێشمەرگەوە، بەراوردکارییەکی ناڕاستەوخۆ لە نێوان دیسپلینی دەوڵەت لە هەرێم و شڵەژانی دیمەنەکە لە ناوچەکانی تر دەکات و داوا دەکات حکومەتی داهاتوو ڕەنگدانەوەی ئەم نەخشەسازییە دامەزراوەییە بێت کە جیاکاری دەکات لە نێوان عەقڵییەتی جەنگی و ململانێی حیزبی.

یەکێکی تر لە ڕەهەندە گرنگەکانی ئەم گوتارە، جەختکردنەوە بوو لەسەر شوناسی یاسایی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق، ئەمە پەیامێکی دیپلۆماسیی ژیرانە بوو کە هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی لەناو چوارچێوەی دەوڵەتدا جێبەجێ کردووە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە تا ئەرکە دارایی و سەربازییەکانی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ بکات.

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لێرەدا هاوکێشەیەکی نوێی سیاسیی داڕشت.. بەهێزیی بەغدا بەهێزیی هەولێرە و بەپێچەوانەشەوە، ئەمەش گۆڕینی لۆژیکی ململانێیە بۆ لۆژیکی بەرژەوەندیی هاوبەش کە تێیدا سەرکەوتنی هەر لایەک تەواوکەری سەرکەوتنی ئەویترە.

داهێنانی جەوهەری لەم گوتارەدا لە گۆڕینی لۆژیکی ململانێدا بوو، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کارامەییەوە سەنگەربەندیی سیاسی گۆڕی بۆ ئاسۆکانی ئاوەدانی. گرێدانی ئۆرگانیی نێوان ئاسایش و خۆشگوزەرانی، گەورەترین نیشانەی گەیشتنی چەمکی ئاسایشی نەتەوەییە بە قۆناغی پێگەیشتنی ستراتیژی، چونکە هێزی سەربازی لە دیدگای بەڕێزیان، تەنها ئامرازێکی بەرگری نییە بەڵکو قەڵغانێکی پۆڵایینە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی  ئابووری. ئەو بە ڕاشکاوی داوا لە بەڕێز زەیدی دەکات دیپلۆماسییەتی بنیادنان بکاتە جێگرەوەی ململانێ و پێوەری سەرکەوتنی سیاسی لە شایستەی هەڵبژاردنەوە بگوازێتەوە بۆ شایستەی خزمەتگوزاری کە ڕاستەوخۆ دەست بۆ قووڵایی ژیانی هاووڵاتی دەبات. لێرەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک مایسترۆیەکی سیاسی دەرکەوت کە دەتوانێت بە لێهاتووییەوە ئاوازە دژبەیەکەکان یەکبخات، ئەو لە یەک کاتدا هاوسەنگییەکی وردی لە نێوان زمانی توندی سەربازی، ژیریی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و نەرمی هاوبەشیی نیشتمانی دروست کرد. ئەم ئامادەییە فرەڕەهەندە، پێگەی بەڕێزیان وەک زامنێکی ستراتیژی بۆ پرۆسەی سیاسی جێگیر دەکات، بە شێوەیەک کە ئیتر نەخشەڕێگەی بەرەو بەغدا تەنها لەو ڕێڕەوەوە دەگوزەرێت کە هەولێر بە متمانەسازییەوە دای دەمەزرێنێت.

هەروەها، سەرۆکی هەرێم ئەرکێکی مەعریفی و فیکریی گەورەی خستە سەر شانی پارێزەرانی نوێی شکۆی نیشتمان، بەڕێزیان تەنها وەک کارەکتەری مەیدانیی جەنگ سەیری نەکردن بەڵکوو وەک پارێزەری کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی کراوە و پارێزەری پرەنسیپە باڵاکانی پێکەوەژیان و فرەییخوازی ،ناساندنی بۆ کردن. ئەمە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە چەمکی سوپای مۆدێرن پەیامێکە کە سوپایەکی نیشتمانیی پێشەنگ، تەنها بە ئاگر و پۆڵا پارێزگاری لە سنوورە جوگرافییەکان ناکات بەڵکو بە پاراستنی قووڵایی فەرهەنگی و فرەڕەهەندیی سیاسیی نیشتمانەکەی دەبێتە هێزێکی گەورەی  ئەخلاقی و بڕواپێکراو کە ناسنامەی نەتەوە لە هەرەس دەپارێزێت.

ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمی سوێندخواردنی کابینەی عەلی زەیدی لە بەغدا تەنها بەشداریکردنێکی پرۆتۆکۆڵی نیە، بەڵکو واژۆیەکی ستراتیژیە لەسەر شەرعییەتی قۆناغێکی نوێ. ئەم هەنگاوە پراکتیکییە تەواوکەری ئەو مانیفێستۆیە بوو کە لە زاخۆ ڕایگەیاند، لێرەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک زامنی نیشتمانی دەرکەوت کە پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە چەقبەستووییەوە بەرەو دامەزراوەییبوون دەبات. بوونی ئەو لەو مەراسیمەدا پەیامێکی قووڵە بۆ ناوخۆ و جیهان، کە هەولێر نەک تەنها وەک هاوبەش بەڵکوو وەک داینەمۆی سەقامگیری و پارێزەری هاوسەنگییە دەستوورییەکان دەمێنێتەوە ئەم هەنگاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەی سەلمێنێت کە پێگەی هەولێر لە ڕێڕەوی دەوڵەتمەداریدا خاڵی جەوهەرییە بۆ سەرکەوتنی هەر کابینەیەک کە بییەوێت عێراق لە قەیرانەکان ڕزگار بکات.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەم گوتارە پێوەرێکی زێڕینی بۆ حکومەتی داهاتوو دانا، یان حکومەتێکی دەستووری و گەشەپێدەر کە هێزە شەرعییەکان پارێزەری بن، یان بەردەوامیی ئەو خولگەیەی کە هەرێم ڕەتیدەکاتەوە ببێتە بەشێک لێی. جەنابیان لە زاخۆوە جەختی کردەوە کە متمانەی بەغدا لە هەولێرەوە دەستپێدەکات و سەقامگیریی ناوچەکەش لە سایەی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوودا دەبێت. لە ڕێگەی ئەم گوتارەوه سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی جەوهەری لە هاوکێشەی حوکمڕانیی عێراقدا دروست کرد و سەلماندی کە تەنها سەرکردەیەکی  کاریزماتیکی کوردستان نییە، بەڵکو ئەندازیاری ڕاستەقینەی پاراستنی چەمکی دەوڵەتمەداری و سەقامگیرییە لە عێراقێکی فیدراڵدا.