یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمی کوردستان ... بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی باڵا

ئایاری 18, 2026 - 20:06
یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمی کوردستان ... بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی باڵا

ڤینۆس بابان


لەکاتێکی زۆر هەستیاردا کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدایە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ سەنتەری توێژینەوەی ئاییندەیی ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی، بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بژاردە و لێکەوتەکان بڵاوکردەوە. ئەگەرچی ڕاپۆرتەکە دەیەوێت خۆی وەک توێژینەوەیەکی ئەکادیمی نیشان بدات بەڵام ناوەرۆکەکەی زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی مەترسیدارە چونکە ڕاستەوخۆ باس لە بیرۆکەیەک دەکات کە ئامانجی تێکدانی قەوارەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
ورووژاندنی پرسی دوو ئیدارەیی لە قۆناغی ئێستادا، زیاتر وەک ئامرازێکی گوشاری سیاسی لە چوارچێوەی پرۆسەی دانوستانەکاندا دەبینرێت، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پێگەی لایەنەکانە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر. بەڵام ڕەهەندە مەترسیدارەکەی ئەم هاوکێشەیە تەنها لە ململانێی سەر پۆست و پلەکاندا کورت نابێتەوە بەڵکو لە پێشنیازکردنی دابەشبوون وەک بژاردەیەکی چاره‌سه‌رییدا خۆی دەبینێتەوەو لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە ئەم جۆرە پۆلێنکارییە هیچ لایەنێکی ناوخۆیی لێی سوودمەند نابێت، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان ، ئەمەش زەمینەیەکی گونجاو بۆ کارەکتەرە ئیقلیمی و فیدراڵییەکان دەڕەخسێنێت تا لە ڕێگەی لێکترازانە ناوخۆییەکانەوە کۆنترۆڵ و هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن، ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێت هەرێمی کوردستان بەرەو پاشەکشە دەچێت دوورە لە ڕاستییەوە چونکە کار و پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی  بەڕێز مەسرور بارزانی پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و شۆڕشی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی سیستەمی پێشکەوتووی وەک ئي-پسوولە بۆ ڕێکخستنی دارایی و مووچە، بەڵگەی ڕوونن لەسەر بەهێزیی دامەزراوەکانی هەرێم، ژێرخانی هەرێم لە تۆڕی کارەبا و غازی کێڵگەی کۆرمۆرەوە تا هێڵەکانی ئینتەرنێت یەک پارچەیە و بە هیچ شێوەیەک دابەشبوونی کارگێڕی قبوڵ ناکات.
لەلایەکی دیکەوە، پشتگوێخستنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێم لە ناو ڕاپۆرتەکەدا بێئاگاییە لە واقیعی سیاسیی ساڵی ٢٠٢٦، حەقیقەتەکە ئەوەیە کە دەستپێشخەرییە هاوسەنگەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەمیشە هۆکاری سەقامگیریی بوون لە عێراقدا، بۆ نموونە سەردانی فەرمیی باڵای سەرۆکی هەرێم بۆ ئیتالیا (ڕۆما) لەم مانگەدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا، نیشانی دەدات کە جیهانی دەرەوە هەولێر وەک هاوبەشێکی بەهێزی ئاسایشی و ئابووری دەبینێت کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
هەروەها، ناوبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک هۆکارێک بۆ قووڵبوونی کێشەکان خوێندنەوەیەکی هەڵەیە چونکە گەڕانەوە بۆ دەنگی گەل هیچ کاتێک مایەی دڵەڕاوکێ نییە بۆ ئەو هێزە سیاسییەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤دا متمانەی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی بەدەستهێناوە، خەڵکی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە لە کاتی بڕیارە مێژووییەکاندا، دروشمە کاتییەکان ڕەتدەکەنەوە و متمانە دەدەنەوە بەو لایەنەی کە ئاسایش و سەقامگیریی پاراستووە.

مەترسیدارترین خاڵی ناو ڕاپۆرتەکە، خستنەڕووی بیرۆکەی جیاکردنەوەی هەولێری پایتەختە وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی سێیەم، ئەمە داوێکی دیزاینکراوە بۆ گۆشەگیرکردنی پایتەخت و لێدان لە یەکگرتوویی بڕیاری کوردی، لێرەدا غەفڵەتێکی نەتەوەیی گەورە هەیە! چۆن دەکرێت بیر لە تێکدانی ناوماڵی کوردی بکرێتەوە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوان و قووڵایی ستراتیژیی خوشک و برایانی ڕۆژاوای کوردستان بووە لە کاتی قەیرانە مرۆیی و ئاسایشییەکاندا؟ بۆیە پەنابردن بۆ بژاردەی جیابوونەوە بەهۆی کێشەیەکی کاتیی دانوستانەکانەوە، زیانێکی گەورەیە لە هۆشیاریی نەتەوەیی.
لە ڕووی یاساییەوە بژاردەی دوو ئیدارەیی ڕووبەڕووی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دەبێتەوە، ماددەی ١١٧ (یەکەم) بە ڕوونی دانیناوە بە قەوارەیەکی یەکگرتوودا بە ناوی هەرێمی کوردستان، و لە دەستووریدا شتێک نییە بە ناوی هەرێم لە ناو هەرێمدا، بۆیە هەر جیاکارییەک پشتگیریی دەستووریی فیدراڵی لەسەر هەرێم لادەبات، هەروەها بەپێی ماددەی ١١٩، ئەگەر هەر لایەنێک هەنگاو بنێت بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێکی سەربەخۆ و بەستنەوەی ڕاستەوخۆ بە بەغداوە ئەمە دەرفەتێکی یاسایی دەداتە دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دامەزراوەکانی ئێستای هەرێم و مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکان وەک ئیدارەی ناوخۆیی سەر بە بەغدا ئەمەش واتە گەڕانەوەی هەرێم بۆ پێش ساڵی ١٩٩١.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەولەویەتی هاوسەنگ لە جیاتی بیرکردنەوە لە بژاردەی لێکترازان خۆی لە تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بەرپرسانە لە هەولێری پایتەختدا دەبینێتەوە، ئەم هەنگاوە زەمینەسازی دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی
 هاوبەشی بەهێز و کارا کە بتوانێت پارێزگاری لە سەروەریی دەستووریی هەرێم بکات و بە شێوازێکی زانستی داکۆکی لە شایستە داراییەکانی بکات بەتایبەت چەسپاندنی پشکی (١٤.١٪)ی بودجە کە هاوتایە لەگەڵ داتاکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان.
 بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان هەمیشە دەنگێکی هۆشیار بێت، داوا لە سەرجەم ئەکادیمیستان، ڕۆشنبیران و چالاکوانان دەکەین کەمپینێکی هۆشیاری نیشتمانی ڕابگەیەنن لەژێر هاشتاگی: #كوردستان_كيان_واحد_ودستور_واحد 
یان #کوردستان_قەوارەیەکی_یەکگرتوو_و_دەستوورێکی_یەکگرتوو، بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە ڕوونە.. لە سیاسەتدا جیاوازین، بەڵام سازش لەسەر یەکپارچەیی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان ناکەین. قەیرانەکان دێن و دەڕۆن و حکومەتەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئەم قەوارە شەرعییەی کە بە خوێنی شەهیدان پارێزراوە، دەبێت بە بەهێزی بمێنێتەوە.