ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئابی 2025 عەقید موحسن شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند، کامێراکان لە ئەمڕۆوە بە شێوەیەکی ئەزموونی دەخرێنەکار.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، لە جووتسایدی خەلیفان – ناوشار، جووتسایدی زانكۆ - باڵەخانەی ئیدارەی سەربەخۆ (دێلزیان)، ترافیكلایتی سۆران - رەواندز (حریق) و گەڕەكی كانی (ئازادی) کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی دانراوە و خێرایی رێگەپێدراو 60 کیلۆمەتر مەترە لە کاژێرێکدا.
بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران، لەو ژمارە کامێرایە، تەنیا یەکیان خاڵ بۆ خاڵ (point to point)ـە و خێرایی رێگەپێدراو 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا؛ ئەویش لە جووتسایدی خەلیفان – سپیلک دانراوە؛ ئەوانی دیکە کامێرای جێگیرن.
لەبارەی شوێن و خێرایی رێگەپێدراوی کامێراکانی دیکەوە، عەقید موحسن شەمزینی روونیکردەوە، "بەشێکی دیکە لە کامێرەکانی چاودێریی تیژڕەوی لە جووتسایدی گشتیی سۆران (نەخۆشخانەی ئاشتی)، رێگەی سۆران - مێرگەسۆر (گوندی ناومێرگان)، رێگەی رێزان – بلێ، رێگەی كاولۆكان - جوندیان، رێگەی سۆران - گوندی خەلكان (نزیک پاركی گوڵان) دانراون و خێرایی رێگەپێدراو 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
سەرچاوە: ڕووداو