سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی حزبی شیوعی چینی دەکات
ڕۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جین شین، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی شیوعی چین، و بەڕێز تسوی وی باڵیۆزی وڵاتی چین لە عێراق، و بەڕێز لیو جیون کونسوڵی گشتی وڵاتی چین لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانەکە و بەناوی حزبی شیوعی چینی پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە توانیوویەتی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکەم حزب لەسەر ئاستی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە باس لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی چینی کرا کە پەیوەندییەکی لەمێژینەیە و شاندی میوان جەختیان لەوە کردەوە وەکو کۆماری چین خوازیارن پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان هەردوولا هەبێت لەبواری ئابووری و بازرگانی و کولتووری و بە بایەخەوە لەو پەیوەندییە دەڕوانن و پشتیوانیی کۆماری مللیی چینیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی کرد و ڕێز و ستاییشی بۆ گەل و شارستانیەت و مێژووی چین دەربڕی و باسیشی لە بایەخی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و حزبی شیوعی چین و هەروەها لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین کرد و هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامی هەبێت و زیاتر فراوانتر بکرێت.
هاوکات پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی تازەی فیدڕاڵ و پڕۆسەی سیاسی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.