یەکێتیی ئەورووپا بە پێویستی دەزانێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێ
شاندی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عێراق داوای داپەروەری بۆ قوربانیانی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری دەکات. شاندەکە دەشڵێت، کوردانی ئێزدی پێکهاتەیەکی گرنگی عێراقن.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، شاندی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عێراق راگەیێندراوێکی لە 11ەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری بڵاوکردەوە.
شاندەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "11 ساڵ پێش ئێستا، تیرۆریستانی داعش کۆمەڵکوژییەکیان لەنێو ئێزیدییەکان کرد، هەزارانیان کوشت و حەوت هەزار ژن و منداڵیان رفاند، خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کردن و بە زۆر کردنیاننە کۆیلەی سێکسی."
3ی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگال و نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون؛ هەروەها 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران کە لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێر بوون.
شاندەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی یەکگرتوویی، سەروەری و یەکپارچەیی عێراق لەگەڵ رێزگرتن لە تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دەکات کە ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی گرنگن تێیدا؛" ئەوەش دەڵێت: "سەرباری هەوڵەکانی حکومەتی عێراق، پێکهاتەکە (ئێزیدییەکان) بەردەوام رووبەرووی ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەیان بۆسەر ماڵوحاڵیان، بەتایبەت لە شنگال دەبنەوە. هەروەها، ئەوان نیگەرانی ئەمنی و کەمی خزمەتگوزارییەکانیان هەیە".
لە راگەیێندراوەکەی شاندەکەی یەکێتیی ئەورووپادا هاتووە: "یەکێتیی ئەورووپا داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن کە دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی ژیان لە شنگال و رێگەش بە گەڕانەوەی ئاوارە نێوخۆییەکان خۆش دەکات".
ساڵى 2020 حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى رێککەوتنی شنگالیان بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى قەزاکە واژۆکرد، بەڵام رێککەوتنەکە وەک خۆى جێبەجێنەکراوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا لیژنەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ:"ئەم رۆژە گرنگی لێپرسینەوەمان لەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە دژی هەموو قوربانیان کراون بیردەهێنێتەوە. هەموو قوربانیان و رزگاربووان پێویستیان بە دادپەروەرییە، بە پێکهاتەی ئێزیدییەکانیشەوە. پێشوازی لە هەموو هەوڵەکان لەلایەن حکومەتی عێراق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ پاڵپشتییان لە لێپرسینەوە" لەو تاوانە.