سیاسەتکردن هێز و ئیرادەی گەورەی دەوێت...
محمد فائق
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە وەک باقر یاسین دەڵێت: "لە سۆمەرییەکانەوە تا سەرەتای سەدەی بیست و یەک، پێنج سەدەیەک ئارامی و ئاسوودەیی بەخۆوە دیتووە"، سیاسەتکاری-وەک زانست و ئاکار- سەرچڵی و هێز و ئیرادەیەکی گەورەی دەوێت. سەختە بتوانیت لەناو ئەو جووڵە و گەمە -دێرین و مێژووییە- ناسیاسییانەدا کە بەرگی سیاسییان بەبەردا کراوە و کاراکتەرگەلێک سەرقاڵی دەستنیشانکردنی چارەنووسی مرۆڤەکانن تێیدا، بتوانیت قسە دیپلۆماسیەت و لێبووردەیی بکەیت. لە جوگرافیایەکدا کە نزیکەی هەمووان دەستیان بە خوێنی یەکتر پیس بووە و تا ماوەیەکی زۆر نزیکیش وەک هۆبز دەڵێت: لە جەنگی هەمووان دژ بە هەموواندا ژیاوە؛ ڕۆحێکی گەورەی دەوێت بتوانیت هەموو جووڵە و ئەکتە سیاسییەکانت بە هەڵکردن و پێکەوەژیان و یەکترخوێندنەوە ڕەنگڕێژ بکەیت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە کردەوە و باوەڕیش سەلماندوویەتی کە دەتوانێت ئەم کارە بکات. سیاسییەکە بەوردی لەوە گەییشتووە تەنها ڕێکخستنی ناو ماڵی خۆت بەس نییە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانێکی گشتی؛ بەڵکوو دەبێت هێز و ئاراستەکانی دیکەیش قایل بکەیت مەیلی خوانی ئاشتی بکەن و لەسەر سفرەکە کۆیان بکەیتەوە. دروستە ئەم کاراکتەرە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەنزیکەیی کۆڕایی لەسەر ئەوە هەیە کە لە پشت هەر هەوڵ و پرۆژەیەکەوەیە کە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا بوونی هەبێت. ئەوی وا دەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەحەموولی ئەم ماندووبوونە سیاسییە بکات، ئەو باوەڕەیە کە ئەستەمە لە تەنیشت ئاگرەوە دابنیشیت پزیسک ئاگرت بەر نەکەوێت، خۆ ئەگەر لەوەیش سەری سەلامەتت دەرهێنا ئەوا دووکەڵەکەی هەر تەنگەنەفەست دەکات؛ بۆیە لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا بە هەر سێ ئاراستەکەی دیکەی کوردستان و بە ئاراستەیەکی بازنەییشدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرقاڵی هێنانەوەی دیپلۆماسیەت و دایەلۆگە بۆ سەر مێزێک کە نەک هەر ئەم چەمکانەی لەسەر نەبووە، بگرە هێزەکانی چواردەوریشی دەمێکە بیریانچووەتەوە کە چارەسەرەکان لە هەناوی ئەم کۆنسێپتە سیاسییانەدا هەڵگیراون.
لە ئاستی یەکەمدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دروستکردنی فەزایەکی ددانپێدنانە بە یەکتری و بنیاتنانی کولتووری گوێگرتنە لە یەکتری لەو جوگرافیا سیاسییەدا کە پێی دەگوترێت عێراق. کردنی دەستوور بە چەترێک، ئارامی و نەفەسدرێژییەکی قووڵی سیاسیی دەوێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە خاوەنیەتی. گرێدانەوەی کێشەکانی کورد بە حکوومەتی فیدراڵەوە و واکردن لە هێزەکانی دیکە کە بۆ ململانێ لە چوارچێوەی دەستوور نەچنە دەرەوە، کولتوورێک بوو زۆرتر لە ماوەی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا بووەوە بە چەقی دایەلۆگەکان. ئێستا سەراپای گفتوگۆکانی نێوان هەولێر-بەغدا پڕە لە دەربڕینگەلی وەک: گەڕانەوە بۆ دەستوور، مافە دەستوورییەکان، مافە داراییەکان بەپێی دەستوور و هتد، ئەگەرچی هێشتا بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییانە بە تەواوەتی دەرنەکەوتوون بەڵام خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی دایەلۆگی نێوان هەولێر و بەغدادا؛ چونکە پانتایی کاری سیاسیی لە ڕەت کردنەوەوە بۆ ململانێی سیاسی گۆڕی ئەگەرچی هێشتایش ململانێ تەندروستەکە -لەبەر چەندین هۆکاری مێژوویی و سیاسی و مەزهەبی- جێگیر نەبووە و کاریگەرییەکانی تەواو دەرنەکەوتوون. دروستکردن و بنیاتنانی کولتووری گفتوگۆ لە عێراق هەروا ئاسان نییە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی نەک هەر سەرقاڵی ئەم بیناکردنەیە بەڵکوو خۆیشی لە ناوچەکەدا بە سیمبۆلیی ئاشتی و لێکگەییشتن و پێکەوەژیان ناوی دەرکردووە.
لە ئاستی دووەمیشدا بۆ هەر سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان، سەرقاڵی هێنانەئارای فەزایەکی گفتوگۆ و پێکەوەبەستنی کورد و لایەنەکانی دیکە بووە لە جوگرافیای سێ دەوڵەتەکەدا. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حکوومەتی نوێی سووریاوە ڕۆڵی لە چالاکیی بەشداریکردنی هێزە کوردییەکان لە حکوومەت و بەرچاوڕوونکردنیان لە خۆ بەخاوەن زانینی سووریادا هەبوو. لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا، یەک لە کاراکتەرە گرنگەکانی هەتا ئێرە هاتنی پرۆسەکەیە، بەجۆرێک کە سەرجەم لایەنەکانی پرۆسەکە زۆر بە ئەرێنی لە ڕۆڵەکانی دەدوێن و ستایشی دەکەن. لە بەشی زۆری هەنگاوەکانی پرۆسەی دایەلۆگی نێوان کوردانی هەر سێ پارچەکە و حکوومەتەکانی ئەو وڵاتانەدا، نێچیرڤان بارزانی هەمیشە دەنگەکانی بە یەکتری گەیاندووە و گرژییەکانی نێوان لایەنەکانی بەجۆرێک تەرجەمە کردووە کە هەردوو هێزەکە هەست بە نزیکی بکەن نەک سڵەمینەوە و پاشەکشێ.
لە ئاستی سێیەمیشدا کە ئاستە بازنەییەکەیە، سەرۆکی هەرێم لە بەشێکی گرژی و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا-کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم لایەنەوە زۆر دەوڵەمەندە- بە زمانێک هاتووەتە گۆ و جووڵاوەتەوە کە ئاکاری سیاسی خواستوویەتی و هەمیشە بە زمانی مەودای هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان ڕای خۆی دەربڕیوە، بەردەوام لە دژی مەنتیقی هێز دواوە و لە بەرژەوندیی هێزی لۆژیک(دیپلۆماسیەت و تەبایی)دا پەیڤیوە. وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، ئەم ڕوانینە سیاسییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرۆکی هەرێم باوەڕی بەوە هەیە ئێمە ئەگەر پزیسکی ئاگری ئەوانیتر نەمانسووتێنێت ئەوا دووكەڵەکەی ژیانمان لێ تاڵ دەکات.