سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 5 و 6 بۆ بەغدا نێردراوە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی مووچە دەستیپێکردووە. راشیگەیاند، "تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 5 و 6 گەیشتە بەغدا."

رۆژی یەکشەممە 20ی تەممووزی 2025 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێ شەوەوە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 5 و 6 بۆ بەغدا نێردراوە، ئەمڕۆ نزیک کاژێر 9:00 دەگاتە وەزارەتی دارایی عێراق."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، رێکارەکانی ناردنی مووچە دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ ئەگەر رێکارەکان تەواو ببن، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار تەمویل دەکرێت، ئەگەرنا دەکەوێتە دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە. لەبارەی ناردنی داهاتی نانەوتی، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "دوای تەرازووی پێداچوونەوە، ئەویش دەنێردرێت و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە."
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (120) ملیار دینار وەکو گوژمەی یەکەمی خەمڵێندراو لە پشکی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئایار، رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات. سەبارەت بە لیستی مووچەش، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "لیستی مووچە وەکو مانگەکانی رابردوو دەبێت و گۆڕانکارییەکی ئەتۆی تێدا ناکرێت، لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا هەموو مووچەخۆران مووچە وەردەگرن."
17ی تەممووز، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسند کرد، کە تایبەت بوو بە هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دوای ئەوەی کۆمپانیای سۆمۆ 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە بەندەری جەیهان وەردەگرێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکات.
رۆژی 28ی ئایاری 2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، کە تێیدا ھاتبوو، "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەھۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
دوایین جار، 13ی ئایاری 2025 مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان وەرنەگرتووە.
سەرچاوە: رووداو