لە ئامەد دایکانی گەریلا و سەربازە کوژراوەکان کۆدەبنەوە
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا، دایکی ئەو گەریلا و سەربازانەی لە رووبەڕووبوونەوەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کۆدەکاتەوە.

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD)، لە چوارچێوەی کارەکانی پشتیوانی بۆ پرۆسەی چارەسەری، ئەمڕۆ و سبەی لە هۆتێلێکی شارەکەدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ناونیشانی "رێگەی بەرەو ئاشتی و دادپەروەری" رێک دەخات. بڕیارە بەشێک لە دایکانی ئەو گەریلا و سەربازانەی لە رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیادا گیانیان لەدەستداوە، بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن.
لە رۆژی یەکەمدا بەشداربووان گوێ لە بۆچوونی خێزانی هەردوولا لەبارەی پرۆسەکەوە دەگرن. لە رۆژی دووەمیشدا، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، گفتوگۆ لەسەر ئەو هەنگاوانە دەکەن کە پێویستە بۆ ئاشتی بنرێن.
ئەرجان یڵماز، سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەکە رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرسی کورد بە "شێوەیەکی دروست" چارەسەر بکرێت، چەندین کۆبوونەوە، وۆرکشۆپ و کۆڕبەندی جیاواز رێک دەخرێن. ئەرجان یڵماز، سەبارەت بە کۆبوونەوەی دایکانی سەرباز و گەریلاکان گوتی: "یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان ئەوەیە، پێویستە ئەو کەسانەی بەهۆی هەمان کێشەوە ئازاری جیاواز یان هاوشێوەیان چەشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییان پێکەوە نەبووە، بتوانن دابنیشن و قسە بکەن. ئازار هاوبەشە، ئەو پێشێلکاریی مافانەی رووبەڕوویان بووەتەوە هاوبەشن. ئێمە باس لە دوو گرووپ دەکەین، کە لە یەکدی نامۆ بوون. بۆ ئەوەی ئەم نامۆبوونە لەنێو بچێت، رەنگە ئەم کارەی ئێمە ببێتە هەنگاوی یەکەم."
سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ باسی لەوەشکرد، پێویستە لە قۆناخەکانی داهاتوودا کاری لەم شێوەیە لە شارەکانی رۆژئاوای تورکیاش بکرێت و گوتی: "لەو باوەڕەداین کە دەبێت رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تورکیا لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیا چالاکیی هاوشێوە بکەن. پێویستە بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارانە لە هەموو ناوچەکان، تەنیا لێدوانی پشتگیری نەدرێت، بەڵکو دەبێت باس لەوەش بکرێت کە ئەم پرۆسەیە لە راستیدا دەبێت چۆن بەڕێوەبچێت."
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
سەرچاوە: ڕووداو