ترەمپ: گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا "زۆر زۆر باشن"

سەرۆکی ئەمریکا دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تارانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە "زۆر زۆر باش" ناوبرد.

ئارەی 26, 2025 - 10:53
ترەمپ: گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا "زۆر زۆر باشن"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن (دووشەممە بە کاتی هەولێر) لە نیوجێرزی گوتی، لە دوایین گەڕی دانوستاندنەکان کە رۆژی هەینی لە رۆما بوو، "پێشکەوتنی راستەقینە و جیدی" بەدەستهات.

 گفتوگۆکان کە بە نێوەندگیریی عومان لە مانگی نیسان دەستیانپێکرد، بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەن لەو کاتەوەی ئەمریکا لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی مێژوویی ساڵی 2015 کشایەوە. لەو کاتەوەی وەکو سەرۆک دەستبەکاربووەتەوە، ترەمپ هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی لەسەر ئێران کارا کردەوە.

ئەگەرچی ترەمپ پشتیوانی لەوە دەکات بە گفتوگۆ بابەتەکە چارەسەر ببێت، هۆشداریی بە ئێران داوە کە ئەگەر رێگەی دیپلۆماسی شکست بهێنێت، ئەوا وڵاتەکە بۆردوومان دەکرێت.

 ئێران رێککەوتنێکی نوێی دەوێت بۆئەوەی ئەو سزایانە سووک بکات کە زیانێکی زۆریان بە ئابوورییەکەی گەیاندووە. دوای دوایین خولی دانوستاندن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی ئێرانی، لە بایەخی پێشکەوتنەکەی کەمکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "دانوستاندنەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترن لە دوو سێ کۆبوونەوەدا چارەسەر بکرێن."

بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، گەڕی پێنجەم "بە هەندێک پێشکەوتنی یەکلایینەکەرەوە" کۆتایی هات و هیوادارە "پرسە ماوەکان" لە رۆژانی داهاتوودا روون بکرێنەوە. ترەمپ گوتی، گفتوگۆ بەردەوامەکان "زۆر زۆر باشن."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "پێم وایە رەنگە هەندێک هەواڵی خۆشمان لە بەرەی ئێرانەوە هەبێت" و رەنگە "لە دوو رۆژی داهاتوودا" شتێک رابگەیێندرێت.

سەرچاوە: ڕووداو