تاران هۆشداری توند بە فەرەنسا و بەریتانیا دەدات

تەمووزی 4, 2026 - 19:40
تاران هۆشداری توند بە فەرەنسا و بەریتانیا دەدات

تاران هۆشداری توند بە فەرەنسا و بەریتانیا دەدات: گەرووی هرمز شوێنی نمایشکردنی هێزی سەربازی نییە.

 لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هەڵوێستی فەرەنسا و بەریتانیا سەبارەت بە گەرووی هرمز، ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەو دوو وڵاتە کرد و ڕایگەیاند کە هەر جوڵەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.

“کازم غەریب ئابادی”، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) جەختی کردەوە کە: “گەرووی هرمز گۆڕەپانی نمایشکردنی سەربازی بۆ ئەو هێزانە نییە کە لە دەرەوەی ناوچەکەوە دێن.”

غەریب ئابادی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران هێزێکی بەرپرس و گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی ئەو گەرووە ستراتیژییەیە، گوتی: “ئاسایشی گەرووی هرمز بەرپرسیارێتی وڵاتانی کەناراوەکانی ئەو گەرووەیە. ئەوانەی قەیران دروست دەکەن، باجی سەرکێشییەکانی خۆیان دەدەن و ئەمە هۆشدارییەکی جدییە.”

 هاتنی ئەم هۆشدارییەی ئێران لە کاتێکدایە کە فەرەنسا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندبوو کە ئامادەن “ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش” ئەنجام بدەن، ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی هاتووچۆی کەشتییەکان لەو گەرووەدا.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی فەرەنسا “ئیمانوێل ماکرۆن” دوێنێ هەینی ڕایگەیاند کە فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی “شارل دیگۆل” پاش چەند مانگێک مانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو فەرەنسا دەگەڕێتەوە.

شایانی باسە، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ڕابردوو، پاریس و لەندەن پلانی پێکهێنانی “مێشنێکی بەرگریی فرەنەتەوەیی”یان لە گەرووی هرمز ڕاگەیاند. لە ئێستاشدا فەرەنسا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ عومان بۆ ئەنجامدانی “ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پاککردنەوەی مین” لەو ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارەدا.
سەرچاوە: خەڵک