3 سیناریۆی جیاواز بۆ داهاتووی مێسی
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی نزیکە لە مانەوەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی و سێ سیناریۆ هەن بۆ داهاتووی خاوەنی 8 باڵۆن دۆر.

مێسی نزیکە لە مانەوەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی بۆ ساڵی داهاتوو، سەرەڕای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 کۆتایی دێت. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە مێسی لە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ یانەکەی نزیکبووەتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە گفتوگۆی پێشکەوتووی کردووە. بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، سێ سیناریۆ لەبەردەستی لیۆنێل مێسیدان سەبارەت بە گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە.
بەپێی ئەو سێ سیناریۆیە، ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا زۆر کەم دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت مەیامی دوایین وێستگەی لیۆ بێت لە کاروانی پیشەگەرییەکەیدا. ئەو سەرچاوانە دەڵێن "پێدەچێت مێسی گرێبەستەکەی درێژبکاتەوە و لانیکەم تاوەکو هاوینی داهاتوو، بۆ ئەوەی ماوەی مۆندیال بگرێتەوە، لەگەڵ ئەگەری گرێبەستکردن تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2026 بۆ ئەوەی وەرزی تۆپی پێی ئەمریکا تەواوبکات". بەڵام ئینتەرمەیامی لەوانەیە ئەم گرێبەستە بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکاتەوە ئەگەر کردنەوەی یاریگا نوێیەکەی دوابخرێت.
پلانی ئێستا بریتییە لە کردنەوەی یاریگاکە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی MLS لە سەرەتای ساڵی 2026 و ئەگەر ئەوەش وەک پلانەکە بەرەو پێشەوە بچێت، پێناچێت مێسی بۆ زیاتر لە 12 مانگ گرێبەست لەگەڵ یانەکەدا بکات. ئەگەر کردنەوەکە بۆ کۆتاییەکانی 2026 یان تەنانەت 2027 دوابخرێت، ئەوا ئینتەرمەیامی لەوانەیە پێشنیازی ئەوە بکات کە مێسی لە فلۆریدا بمێنێتەوە تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی 2027، سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە مێسی دەیەوێت لەگەڵ یانەی نیوێڵز ئۆڵد بۆیزی ئەرجەنتینی کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی بهێنێت، بەشێوەیەک دوو یان سێ ساڵ یاری بۆ بکات و دواتر واز لە یاریکردن بهێنێت.
سەرچاوە: ڕووداو