ژمارەیەک گۆڕی ئەنفالکراوان لە سنووری کەرکووک دەدۆزرێنەوە
ژمارەیەک چالاکڤان لە کەرکووک دەڵێن، چەند گۆڕێکیان لەنزیک سەربازگەی تۆپزاوە دۆزیوەتەوە، کە رووفاتی ئەنفالکراوانیان تێدایە.

هێمن حەسیب، چالاکڤان و سەرنووسەری گۆڤاری تۆپزاوەی تایبەت بە ئەنفال، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گۆڕەکان رووفاتی ئەو کەسانەیان تێدایە کە لەکاتی ئەنفالدا بەهۆی نەخۆشی، برسێتی یان ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستداوە."
هێمن حەسیب خۆی بەدواداچوونی بۆ دۆسێکە کردووە و دەڵێت، "گۆڕەکان بەکۆمەڵ نین، بەڵکو تاکن، بەڵام دڵنیابووینەتەوە کە ئەو کوردانەن لە دادپزیشکیی کەرکووکەوە بە فەرمانی پارێزگای ئەو کاتەی کەرکووک وەکو بێ ناسنامە لەو گۆڕستانەدا نێژراون."
ئەنفال لە باشووری کوردستان بە 8 قۆناخ جێبەجێ کرا. خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانەوە دەبرانە تۆپزاوە و لەوێ جیادەکرانەوە؛ ژن و منداڵ دەبرانە دووبز و دواتر بۆ تکریت، بەساڵاچووانیش دەنێردران بۆ نوگرە سەلمان، گەنجەکانیش رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەر دەکران. هێمن حەسیب دەڵێت، "سێ مانگە بەدواداچوون بۆ شوێنی گۆڕی کەسوکاری ئەنفالکراوانمان لە سنووری پارێزگای کەرکووك دەکەین؛ دوێنێ بە هاوکاری سێ هاوکاری دیکەم توانیمان ئەو گۆڕستانە لە کەرکووك بدۆزینەوە کە ژمارەیەك رووفاتی ئەنفالکراوانی تێدایە."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانەی بواری ئەنفال، گۆڕستانەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی دوور لە دەوروبەری گوندی تۆپزاوە کە لە نزیکەی 100 دۆنم زەوی پێکهاتووە و زیاتر لە هەزار گۆڕی بێ کێلی تێدایە. بەگوێرەی زانیاریی ئەو چالاکڤانە، 80%ی گۆڕەکان رووفاتی ئەنفالکراوانی کوردی تێدایە. بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەربازگەی تۆپزاوەی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا زانیاری زیاتر لەسەر گۆڕەکان ئاشکرا بکرێت.
لە 8 قۆناخی ئەنفالدا نزیکەی 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ کران. ئەنفال لە گەرمیان لە 14ـی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەک ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە. ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.
لە هەڵمەتی ئەنفالدا جگە لەوەی سەتان هەزار هاونیشتمانی شەهیدکران، نزیکەی 4500 گوندیش ڕووخێندران.
سەرچاوە: ڕووداو