پارێزگاری هەولێر: ئامادەین تیمی هاوکاری بۆ چەمچەماڵ بنێرین

لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە لافاو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دروستبووە، جگە لە زیانی مادی، دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئامادەن تیمی فریاگوزاری ئاراستەی سنوورەکە بکەن.

كانوونی یەکە 9, 2025 - 16:50
پارێزگاری هەولێر: ئامادەین تیمی هاوکاری بۆ چەمچەماڵ بنێرین
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "ئامادەین بۆ هەر هاوکارییەک کە پێویست بێ بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری، پێویست بێت تیمی فریاگوزارییان بۆ رەوانە دەکەین."
 
لە بەشێکی میدیاکان وا بڵاوکراوەتەوە، سبەی پشووی سەرتاسەری دەبێت لە هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدراوە و پشوو نییە، چونکە دۆخەکە ئاساییە."
 
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، هەردووکیان دانیشتووی ناحیەی شۆڕشی چەمچەماڵ بوون، یەکێکیان پیاوێکە تەمەنی 70 ساڵە و ئەوی دیکەش کچێکی 8 ساڵە."
 
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە.