عەلی زەیدی پێشنیازی سێ پۆستی باڵا بۆ پارتی دەکات

دوای پێنج رۆژ لە راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، عەلی زەیدی بە یاوەریی شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، گەیشتە هەرێمی کوردستان.

ئایاری 2, 2026 - 22:32
عەلی زەیدی پێشنیازی سێ پۆستی باڵا بۆ پارتی دەکات
بەپێی زانیارییەکان، هاتنی زەیدی و شاندەکە بۆ دوو ئامانج بووە؛ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی پارتی و رازیکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی بە بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق و گەڕانەوەیان بۆ نێو پرۆسەی سیاسی. بۆ ئەوەش، پێشنیازی جێگری سەرۆکوەزیران، وەزارەتێکی سیادی و وەزارەتێکی خزمەتگوزارییان خستووەتە بەردەستیان.
 
لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتەوە، موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دەڵێت: "داوامان لەسەرجەم لاینە سیاسییەکان هەیە، لایەنە کوردی و عەرەبییەکان هاوکاری برامان عەلی زەیدی بکەن بەجۆرێک هاوئاهەنگی لەگەڵ بکەن لەپێناو نیشتمان و خزمەتی گەلی عێراق. پێمان وایە بەزوویی ئەم حکومەتە پێکدەهێنرێت پشتیوان بەخوا سەرکەوتوو دەبێت و خۆشی بۆ گەلی عێراق دەهێنيت."
 
پێشبینییەکان بۆ ئەوەن کە کۆتایی هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی کابینەکەی بباتە پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ کۆتایی پێ بهێنێت. کورد و سوننەش لە گفتوگۆی چڕدان تاوەکو بەشی خۆیان بەربکەوێت.
 
فیراس جرێسی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم سەبارەت بە سەردانەکە و پشکی سوننە رایگەیاند: "ئەمرۆ بینیمان راسپێردراوی سەرۆک وەزیران سەردانی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆی مافە دەستووری و پێکهێنانی حکومەت بکات ، هەروەها گەرانەوەو ئامادەیی پارتی دیموکراتی کە گەرەنتی پاراستنی پرۆسەی سیاسییە، هەروەها ئێمە وەک عەزم بەپێی کورسییەکانمان شایستەکان بەو شێوە دیاری دەکرێن کە دوو وەزارەت و جێگرێکی سەرۆک وەزیرانە."
 
بەپێی دەستوور، تەنیا 25 رۆژ لەبەردەم عەلی زەیدی ماوە بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێک بهێنێت. بەهۆی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و هاوکات ئێرانیش، چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەن بەر لە تەواوبوونی وادە دەستوورییەکە، هەموو شتێک یەکلایی بکرێتەوە.