سەلەفییەتی مێژوو و پیرۆزکردنی ڕابردوو و ترس لە نادیار !!
محمد خۆشناو
عەقلی سیاسی هاوچەرخی کورد بەدەست یەکێک لە نەخۆشیە موزمینە کوشندەکان دەناڵێنێت ، ئەویش ئەوەیە کە لە ڕابردوودا دەژیت و زۆر دەترسێت و ، بەردەوام ئەو عەقلە مێژووەکەی و نەتەوەکەی شکۆمەند و تەقدیسی دەکات و نقوومی مێژوو بووە لەهەمان کاتدا لە دەرەوەی مێژووە ، وانە و ئیلهام لەو مێژووە وەرناگرێت تا هۆکارەکانی لاوازیەکەی دەستنیشانبکات و خۆی لەو لاوازیە بەدوور بگرێت ، عەقلێکە چاوەکانی لەپشت سەری-دایە نەک لە ڕووخساریدا ، بەمەش ئەو هەقیقەتانەی واقیع کە لەبەردەمیدایە نابینێت ، بەڵکە تەنها ڕابردوو دەبینێت بە بیروهزری ڕابردوو بیردەکاتەوە و تەماشای واقیعی ئێستا دەکات و ، هەمیشە خۆی بە ڕابردوو بەستۆتەوە ڕابردووی کۆمەڵگەکەی و ميژوو پیرۆز دەکات ! ئەمە وایلێکردووە کە دووچاری بێتوانایی ( عجز ) بێت کە حالەتێکە لە کەموکوڕی جەستەیی یان دەروونی ، کە لەشوێنی خۆی چەقیوە چونکە ناتوانێت جوولە بکات و بڕوای بە گۆڕان نیە !! ئێستا گەلی کوردستان بە حالەتی خۆبەدەستدانی دەروونی و سیاسی و چەقبەستوویدا دەڕوات و ، وایلێهاتووە ئەو واقیعەی کە تێیدا دەژین بەخۆشحاڵیەوە قبوڵی بکات وەک ئەوەی قەدەرێک بێت بەنێوچاوانیەوە وەنوسابێت کە ناتوانرێت بگۆڕدرێت کە وەک ڕێژەی نەگۆڕە و ، لەگەڵیشیدا حاشاماتێک لە ڕاگەیاندنکار و نوخبە بە سیاسی و ڕۆشنبیرەوە کە بەڕواڵەت بڕوایان بە گۆڕیین هەیە و بەکردار ناتوانن جێبەجێبکەن ، هەڵدەستن بە بازاڕکردنی ئەو بێتواناییە کە وەک قەدەرێک و هاوڕێیەکی هەمیشەیی کوردە ، هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عەقلە کە تووشی نەزانیی ئاڵۆز « الجهل المركب »ی خۆدەرخستن لە لووتبەرزی و ڕاسپێردراو « الوصى » بەسەر کۆمەڵگە و ناوهێنان بە جەنگاوەری ئازا بووە ، ئەوانەی تووشی نەخۆشی نەزانیی ئاڵۆز دەبن چارەسەریەکەی زۆر زەحمەتە و ، گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا قوڕسە و قابیلی حیوار نیە ، چونکە خاوەنەکەی بڕوایەکی تەواوی بەوە هەیە کە «ئەو» ڕاستیەکی ڕەهای وای لەکنە قابیلی مشتومڕکردن نیە و ، نابێت لەگەڵ ئەو کەسەدا هیچ ئیعتیرازێک بەرانبەریان بنوێنیت ، ئەو حالاتی نەزانیی ئاڵۆز و سەلەفیەتیی مێژوو کە بێتوانایی لێبەرهەمهات و ئێمەی تێدا دەژین ، مەبەستم لە سەلەفییەت بە مانا مەعریفە فراوانەکەیە نەک بە مانا فقهیە تەسکەکە ، سەلەفیەتێک کە شکۆمەندی و مەزنیی بە ڕابردودا دەبینێت کە هەمیشە پڕۆسەی بە بازاڕکردن و پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت ، ئەمە لەناو ئیسلامی سیاسی و مارکس -یەکانیشدا بەدیدەکرێت ، کە نەبەردیەکانی سەدە یەکەمەکانی ڕابردوو و مانۆفیستی جیهانی و تێزی ڕابەرە چەپەکان و ئەنتەرناسیۆنالیزم و مۆدەرنێتە شکۆمەند دەکەنەوە ، لەوانە تەقدیسکردنی ڕابروو بە درێژکردنی ڕیشی وەک مارکس و خەلیفەکانی ئیسلام و جلوبەرگی نامۆ بە کۆمەڵگا و لاساییکردنەوە ئەوان لەبەردەکەن و ، هەوڵدەدەن ڕواڵتەکەی لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە داوایدەکات یەکبگرنەوە .
سەلەفییەکانی مێژوو بونەوەری مشەخۆرن لەسەر بەرهەمی خەڵکانی تر دەژین و ، ئەوانەن لە میراتی ئەوانە دەکەنەوە کە لەباوەشی دەگرن و ، لە بەشەکانی ئەو میراتە دەکەنەوە کە خزمەتی بەرژەوەندیەکانیان لەو چرکەساتەی کە دەیانەوێت بکات ، ئەمە درزێکی گەورە لەنێو تۆڕی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دروستدەکەن کە کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشانەوە و پارچە پارچە دەبات و ، ڕێگە لە هەر دەوڵەتێک یان حکومەتێک دەگرێت بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی پەرەپێدان و تموحەکانی ئابووری ، چونکە ئەمانە کۆمەڵگا بە کێشە عەبەسییەکانی داپۆشراو بە قودسیەتکردن و بیروهزری مردوو لە مێژووماندا سەرقال دەکەن، هەروەک هزرمەندی جەزائیری ( مالک بن نەبی ) دەڵێت ، بیری مردوو و مردارەوە بوو تەحەدیەکی کۆنی کۆمەڵگاکانە ، نازانم کورد بۆ زراویچووە لە گۆڕانکاریی و دەرچوون لە تەقدیسکردنی ڕابردوو و ئەو چەقبەستوویەی کە ئێستا تێیدا دەژین ، واپێدەچێت هەموومان ( لە چاوەڕوانی گۆدۆ ) دابین کە لە شانۆگەریەکەی نوسەری ناوداری ئێرلەندی سامۆئیل بێکیت-دا هەیە ، چاوەڕوانی گۆڕینیین بۆئەوەی بۆچوون و هەنگاوەکانی ئاییندەمان یەکلاببنەوە و ڕەسمی ڕێگای ئایندەمان بکات ، پەندێکی چینی هەیە کە دەڵێت :( کاتێک «با»ی گۆڕانکاری هەڵدەکات ، هەندێک کەس دیوار دروستدەکەن « بۆ پاراستن لە کاریگەریەکەی » لەکاتێکدا هەندێکی تر هەڵدەستن بە دروستکردنی پانکەی گەورەی با « بۆ سوودەوەرگرتن لەو با-یە » ئامادەنەبوون بۆ لێکەوتەکانی گۆڕیین و بەرەنگاربوونەوەی بە جۆرێک یان بەجۆرێکی تر لە گۆڕان و ، عەقلیەتی دروستکردنی دیوار و خۆلکاندنی بە دۆخی ئێستا کە وابزانێت بەمە پارێزگاری لێدەکەیت ، بەڵام ئەزموونەکان جەخت لەوەدەکەنەوە کە گۆڕیین هەموو بەربەستەکان لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت ) کورد بە هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەروونی لە گۆڕیین دەترسێت کە دەتوانین ناوی لێبنێن ( فۆبیای نادیار - رهاب المجهول ) بۆیە کورد تا هەنوکە حەزدەکات هەر لە ڕابردوو و بە عەقلیەتی دروستکردنی دیوار و خۆلکاندنی بە دۆخی ئێستا بژێت کە بۆتە ماڵوێرانی بۆمان .